وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مژدەیەکی بەو هاووڵاتییانە دا کە لە مۆسمی ڕابردوودا ناویان وەک جێگرەوە گەڕابووەوە و ڕایگەیاند، کە ناویان بۆ ساڵی داهاتوو جێگیر کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی تەمووز، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕایگەیاند: لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان، بڕیاردرا ئەو کەسانەی لە ساڵی 2026 ناویان وەک جێگرەوە (یەدەگ) بۆ حەج گەڕابووەوە، بۆ ساڵی 2027 وەک دەرچوو هەژمار بکرێن و بەشداریی پڕۆسەی حەج بکەن.
لەمبارەیەوە، شێخ وریا مەولانا خالید بالیسانی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە بە وەکالەت ڕایگەیاند: هەر هاووڵاتییەک کە ساڵی ڕابردوو نامەی بۆ گەڕابێتەوە یان لە سیستەمدا ناوی وەک جێگرەوە هاتبێت، ئەوا بۆ ساڵی داهاتوو وەک دەرچوو هەژمار کراوە و پێویست ناکات جارێکی دیکە ناوی خۆی تۆمار بکاتەوە.
شێخ وریا بالیسانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە ماوەیەکی نزیکدا وەزارەت دەست بە ڕاپەڕاندنی مامەڵە کارگێڕییەکانی ئەو کەسانە دەکات کە ناویان لە لیستی جێگرەوە یان یەدەگدا بووە، بۆیە داوای لێکردن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان ئامادە بن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.