Erbil 31°C ھەینی 24 تەمووز 20:17

ترەمپ: قەرەبووی زیانی کەشتییەکان لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران دەبڕدرێت

100%

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتۆن ئەو پارە و سامانانەی ئێران بەکاردەهێنێت کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەمریکادان بۆ قەرەبووکردنەوەی هەر زیانێک کە بەر کەشتییە بازرگانییەکان یان بارەکانیان دەکەوێت. لە بەرامبەردا، تاران ئەم هەنگاوە بە "پێشینەیەکی مەترسیدار" وەسف دەکات کە ئاگری گرژییەکان خۆشتر دەکات.

سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "تێچووی هەر زیانێک کە بەر کەشتییەکان یان شتومەکەکان بکەوێت، لەو پارانەی ئێران دەدرێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستی بەسەردا گرتوون و کۆنتڕۆڵی کردوون." ترامپ ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەرچەندە لەوانەیە قەبارەی زیانەکان یەکجار زۆر و گەورە بن، بەڵام بە بڕوای ئەو "ئەمە ڕێکارێکی دادپەروەرانە و بێلایەنانەیە."


ئەم بڕیارە توندەی کۆشکی سپی دوای ئەوە دێت کە گرووپی حوسییەکانی یەمەن، کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سووردا چڕتر کردەوە. ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بازاڕی جیهانی هەبووە و بۆ یەکەمجار لەوەتەی مانگی ئایاری ڕابردووەوە، نرخی نەوتی گەیاندە 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.


عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کاردانەوەیەکدا بۆ لێدوانەکانی ترەمپ ڕایگەیاند، دەستبەسەرداگرتنی سامانی دەوڵەتێکی دیکە بۆ دانەوەی قەرەبووی هەڕەشە و داواکارییەکانی داهاتوو کە پەیوەندییان بەو سامانەوە نییە، کارێکی نایاساییە. عێراقچی وتی: "ئەمە پێشینەیەکی خراپە و تەنها دەبێتە هۆی زیاترکردنی بارگرژییەکان لە ناوچەکەدا."

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم ستراتیژییەی ئیدارەی ترەمپ، جۆرێکە لە "سزای دارایی و سەربازیی هاوكات" تاوەکو ئێران ناچار بکات فشار بخاتە سەر گرووپە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانیان. ئەم پەرەسەندنە نوێیە ئاسۆی گەیشتن بە هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێکی دیپلۆماسی لە نێوان واشنتۆن و تاراندا ئاڵۆزتر دەکات، لە کاتێکدا کە نرخی وزە لە جیهاندا لە هەڵکشانی بەردەوامدایە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.