سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕێگەی حەوت قۆناغەوە 42 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کرا، لە ئێستادا پرۆسەکە بەردەوامە و ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی قۆناغی هەشتەم دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی تەمووز، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: لە ماوەی ڕابردوودا، لەسەر فەرمان و بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای نزیکەی 16 ساڵ لە وەستانی پرۆسەکە، جارێکی دیکە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستی پێ کردەوە.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر گوتی: "دوای جێبەجێکردنی حەوت قۆناغ، نزیکەی 42 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە و لە قۆناغەکانی داهاتووشدا نزیکەی 40 هەزار پارچە زەوی دیکەش دابەش دەکرێن". ئاماژەی بەوەش کرد، کۆی گشتیی ئەو فەرمانبەرانەی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لەم پرۆسەیە سوودمەند دەبن، دەگاتە نزیکەی 82 هەزار فەرمانبەر.
کارزان عەبدولهادی ئاشکرای کرد، لە ئێستادا تیمە تەکنیکی و یاساییەکانیان خەریکی ئامادەکاریی پێویستن بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا دەست بە قۆناغی هەشتەمی دابەشکردنی زەوییەکان بکەن. جەختیشی لەوە کردەوە، تاوەکو تەواوی فەرمانبەران سوودمەند دەبن، پرۆسەکە بەردەوامیی دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.