سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەشداریی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا کرد و لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر دوورخستنەوەی عێراق لە شەڕ و ئاڵۆزییەکان و پێشخستنی زمانی گفتوگۆ و لێکگەیشتن کرایەوە.
شەوی ڕابردوو یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەسەر بانگهێشتی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لە بەغدا، بەشداریی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانییەکەدا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتیی عێراق و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران، هەروەها دەربارەی بەرنامەی سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن بیروڕایان گۆڕییەوە. لهمبارهيهوه جەختیان لەسەر گرنگيى سەردانهكە له بەرژەوەندیی عێراق و بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانيدا کردەوە.
له كۆبوونهوهكهدا، داكۆكى له پێشخستنی زمانی گفتوگۆ و لێکگەیشتن و ڕەتکردنەوەی شەڕ و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان له ناوچهكه كرا و ئامادەیيی عێراقی نیشان درا بۆ ئەوەی ببێتە ناوچەی بەیەکگەیشتن و پەرەپێدانی بەرژەوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.