دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، ڤلادیمیر پوتین و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا، دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە ساڵانێکی زۆرە بەردەوامە.
ترەمپ دوای گەیشتنی بۆ پایتەختی تورکیا بە مەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: پێموایە هەردوولا دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتن، جێگەی داخی زۆرە کە ماوەیەکی هێندە درێژی خایاند، بەڵام پێموایە شتێک دێتە ئاراوە.
لە لایەکی ترەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە هەمان شارەوە داوای لە هاوپەیمانی ناتۆ کرد کە هاوکارییەکانیان بۆ ئۆکرانیا لە بواری بەرگریی ئاسمانی زیاد بکەن.
زیلینسکی جەختی کردەوە کە ئۆکرانیا توانای هەیە لە بوارەکانی تردا پشت بە خۆی ببەستێت، بەڵام لە پرسی پاراستنی ئاسماندا پێویستیان بە بڕیاری هاوبەشەکانیانە. ئەم داواکارییەی زیلینسکی لە کاتێکدایە کە کیێڤ ڕووبەڕووی فشارێکی زۆری سەربازی بووەتەوە و هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا زیانی گەورەیان بە ژێرخانی وڵاتەکە گەیاندووە.
لێدوانی ئەمڕۆی ترەمپ نیشانەی هەوڵێکی نوێی واشنتۆنە بۆ نێوەندگیری و کۆتاییهێنان بە ململانێیەک کە بودجە و توانای سەربازیی زۆربەی حکوومەتە ڕۆژئاواییەکانی سەرقاڵ کردووە. هەرچەندە ئۆکرانیا پێداگری لەسەر بەهێزکردنی بەرگرییەکانی دەکات، بەڵام سەرۆكی ئەمریكا گەشبینیی خۆی نیشان داوە کە دەکرێت لە ڕێگەی گفتوگۆوە بگەینە چارەسەرێکی سیاسی.
چاودێران پێیانوایە کە ئاراستەی داهاتووی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، تا ڕادەیەکی زۆر بەندە بەو هاوسەنگییەی کە ئەمریکا دەیەوێت لەنێوان پاڵپشتیی سەربازی بۆ ئۆکرانیا و کردنەوەی دەرگای دانوستان لەگەڵ ڕووسیادا دروستی بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.