Erbil 31°C دووشەممە 06 تەمووز 15:46

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک: دڵنیایین بە زووترین کات جووتیارە ڕفێندراوەکە دەدۆزینەوە

Kurdistan Ahmed
100%

عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) نوێترین وردەکاریی دەربارەی ڕفاندنی هاووڵاتییەکی کورد لە سنووری پارێزگاکە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، کە هێزە ئەمنییەکان توانیویانە ئۆتۆمبێلی ئەو هاووڵاتییە لە دووریی چەند کیلۆمەترێک لە شوێنی ڕووداوەکە بدۆزنەوە.

بەپێی وتەی گوتەبێژی پۆلیس، ڕفاندنی ئەم هاووڵاتییە کە پیشەی جووتیارە، وەک "کارێکی تیرۆریستی" هەژمار ناکرێت و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ڕووداوەکە ڕەهەندێکی تری هەیە. عامر نووری دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و کەسوکاری ڕفێندراوەکە کە تیمەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و وتی: "دڵنیان بە زووترین کات دەیدۆزنەوە."

هەرچەندە تاوەکو ئێستا شوێنی وردی جووتیارەکە و چارەنووسی نادیارە و هیچ شوێنەوارێکی خۆی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا نەدۆزراوەتەوە، بەڵام پۆلیسی کەرکووک جەختی کردەوە کە پڕۆسەی گەڕان و بەدواداچوونی مەیدانی بەردەوامە. هێزە ئەمنییەکان لە ئێستادا بە وردی کێوماڵی ئەو ناوچەیە دەکەن کە ئۆتۆمبێلەکەی تێدا دۆزراوەتەوە تاوەکو هەر سەرەداوێک بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی ڕفێندراوەکە و دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکە بەدەست بهێنن.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ناوە ناوە ناوچە جیاجیاکانی کەرکووک شایەدی ڕفاندن و پەلاماردانی جووتیاران دەبن، کە زۆرجار بەهۆی ململانێی زەوی و زار یان مەبەستی تاوانکارییەوە ئەنجام دەدرێن. پۆلیسی کەرکووک بەڵێنیداوە لەگەڵ هەر پێشهاتێکی نوێ لەبارەی ئەم کەیسەوە، ڕای گشتی ئاگادار بکاتەوە.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.