Erbil 31°C یەکشەممە 05 تەمووز 20:21

تایلۆر سویفت و تراڤیس کێڵسی بە فەرمی هاوسەرگیرییان کرد

Kurdistan Ahmed
100%

تایلۆر سویفت، ئەستێرەی ناوداری پۆپی ئەمریکی و تراڤیس کێڵسی، یاریزانی خولی نیشتمانیی تۆپی پێی ئەمریکا (NFL)، بە فەرمی هاوسەرگیرییان کرد.

 گوتەبێژێکی گۆرانیبێژەکە ڕۆژی هەینی 3ی تەممووزی 2026، ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردەوە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە ناسراوەکان بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیان ڕوویان لە هۆڵی "مادیسۆن سکوێر گاردن" کردووە لە شاری نیویۆرک.

ئەم بۆنەیە، کە میدیاکانی ئەمریکا بە "هاوسەرگیریی شاهانەی ئەمریکی" وەسفی دەکەن، هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 4ی تەممووزدا. ئاهەنگەکە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە شەپۆلێکی پێوانەییی گەرما ئەمریکای گرتووەتەوە و ڕێکاری ئەمنیی یەکجار توند و قەدەغەی تەواوی ڕووماڵی میدیایی بۆ شوێنی مەراسیمەکە جێبەجێ کراوە، کە شێوازی پاراستنەکە بە سەردانی سەرۆکی دەوڵەتان چووێنراوە.

تری پاین، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تایلۆر سویفت، هەندێک وردەکاریی مەراسیمەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە ئاهەنگەکە زۆر سەرنجڕاکێش بەڵام لە هەمان کاتدا تایبەت و خێزانی بووە. ئادەم ساندلەر، ئەکتەری ناسراو و هاوڕێی نزیکیان، سەرپەرشتیی پڕۆسەی هاوسەرگیرییەکەی کردووە، هەروەها ئۆستن سویفت، برای تایلۆر و جەیسۆن کێڵسی، برای تراڤیس، وەک شاهید لە مەراسیمەکەدا ئامادە بوون.

بەپێی زانیارییەکانی تیمی سویفت، جلوبەرگی بووک و زاوا لەلایەن براندی جیهانیی "کریستیان دیۆر" و پێڵاوەکانیان لەلایەن "کریستیان لوبۆتین"ەوە دیزاین کرابوون، هاوکات سویفت زێڕ و خشڵی "کارتییە"ی پۆشیبوو. هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، لەسەر شاشە گەورەکانی هۆڵی مادیسۆن سکوێر گاردن نووسرا: "T و T هەر ئێستا هاوسەرگیرییان کرد"، کە ئاماژەیە بۆ پیتی یەکەمی ناوی تایلۆر و تراڤیس.

 

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.