كەشتییەكی هێرشبەری ئەمریکی بەناوی یوو ئێس ئێس بۆکسەر (USS Boxer)کە هێزێکی زۆری مارێنز و چەك و تەقەمەنی و فڕۆكەی هێرشبەری لەسەرە، گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم هەنگاوە لەكاتێكدایە كە ئەمریكا نزیكە لە رێككەوتن و سەركەوتنی دانوستانەکان لەگەڵ ئێراندا.
ڕۆژنامەی (ستارز ئاند سترایپس)ی ئەمریكی بڵاوی کردۆتەوە، كەشتییەكە بە هێزێكی گەورەی دەریایی کە خۆی لە دوو كەشتی یاریدەر و زیاتر لە 15 تێکشکێنەر (مدمرة) و چەندین كەشتی بچووكی هێرشبەر دەبینێتەوە. ئەمەش بە یەکێک لە گەورەترین پڕۆسەکانی بڵاوەپێکردنی هێزی دەریایی ئەمریکا دادەنرێت لە ناوچەکەدا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا.
ئەم بەهێزکردنە سەربازییەی ئەمریكا لە ناوچەكە لە کاتێکدایە کە دوێنێ پێنجشەممە وڵاتی قەتەر میوانداری خولێکی نوێی گفتوگۆکان نێوان ئەمریکا و ئێرانی كرد بۆ رێككەوتنی ئاشتی، لەبەرامبەریشدا واشنتۆن بەردەوامە لە خۆئامادەكردنی سەربازی خۆی لە کەنداودا بەهۆی بەردەوامی گرژییەکان لە گەرووی هورمزدا.
ڕۆژنامەی (ستارز ئاند سترایپس) کە ڕۆژنامەیەکی فەرمی سوپای ئەمریکایە و لە دەرەوەی وڵات بڵاودەبێتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم بڵاوەپێکردنە ڕەنگدانەوەی ستراتیژییەکی ئەمریکایە کە ڕێڕەوی دبلۆماسی و بەهێزکردنی توانای بەربەستکردنی سەربازی پێکەوە گرێ دەدات، لەگەڵ هێشتنەوەی بژاردەکانی جوولەکردن بە کراوەیی لە ئەگەری شکستھێنانی دانوستانەکان یان پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ هەینی بەفەرمی ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی رابەری كۆچكردووی ئێران لە تاران دەستی پێ كردووە، بڕیاریشە لە ڕێوڕەسمەكە لە بەشێك لە شارەكانی دیكەی ئێران و هەروەها لە وڵاتی عێراقیش ئەنجام بدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.