Erbil 31°C دووشەممە 06 تەمووز 23:44

میری قەتەر لەگەڵ نێردراوانی ئەمریکا پرسی دانوستان لەگەڵ ئێران و دۆخی لوبنانی تاوتوێ کرد

Kurdistan Ahmed
100%

دیوانی ئەمیریی قەتەر ڕایگەیاند، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، لە شاری دۆحە پێشوازی لە ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارێد کۆشنەر، ڕاوێژکاری پێشووی کۆشکی سپی کرد. لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و پڕۆسەی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ خرانە بەرباس.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە تاوتوێکردنی ئاستی پێشکەوتن لەو گفتوگۆ ناڕاستەوخۆیانەی کە لە نێوان واشنتن و تاران لەژێر چاودێریی قەتەردا بەڕێوە دەچن. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پابەندبوون بە بڕگەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی مانگی ڕابردوو کردەوە، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی کە ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگێڕێتەوە.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، میری قەتەر و نێردراوانی ئەمریکا قسەیان لەسەر پەرەسەندنەکانی لوبنان کرد، بەتایبەت دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوە لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل. گفتوگۆکان تەرکیزیان خستە سەر هەنگاوەکانی جێگیرکردنی سوپای لوبنان لە ناوچە سنوورییەکان و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە.

ئەم جووڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت لە ڕێگەی فشار و دانوستانی چڕەوە کۆتایی بە ململانێ سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت. میری قەتەریش دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە ڕۆڵی نێوەندگیری و پشتیوانیکردنی هەموو ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان دوورخستنەوەی مەترسیی جەنگ و پاراستنی ئاشتیی نێودەوڵەتییە لە ساڵی 2026دا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.