ئەمڕۆ بەیانی وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ هاوتا عێراقیەکەی کۆبووەوە، لە دوای کۆبوونەوەکە عەباس عێراقچی ڕایگەیاند، تەنیا ئێران بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی حوزەیران، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە بەغدا ڕایگەیاند، کە بەپێی لێکتێگەیشتنە نوێیەکان، ئێران بە تەنیا بەرپرسە لە بەڕێوەبردن و دووبارە کردنەوەی تەواوەتی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا.
عەباس عێراقچی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە دا، کە پرۆسەی کردنەوەی گەرووەکە دوای لادانی ئاستەنگەکان جێبەجێ دەکرێت و لە ئێستاشدا هەنگاوەکان دەستیان پێ کردووە. جەختیشی کردەوە کە هیچ وڵات یان دامەزراوەیەکی دیکە لەمبارەیەوە بەرپرسیارێتی نییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا لەوەی هەر دەستوەردانێک یان هەوڵێک بۆ دروستکردنی ڕێککاری نوێ کە دژی لێکتێگەیشتنەکان بێت، دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و دەبێتە هۆی دواکەوتنی ئاساییبوونەوەی هاتوچۆ و زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
لە کۆتایی قسەکانیدا، عێراقچی داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پابەندی لێکتێگەیشتنەکان بن و دوورکەونەوە لە دەستوەردان لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز، تاوەکو ڕێکارەکان بەبێ گرفت جێبەجێ بکرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.