Erbil 31°C پێنجشەممە 18 حوزەیران 22:47

پارێزگاری کەربەلا سەردانی هەڵەبجە دەکات

100%

ئەندازیار نسەیف جاسم خەتابی، پارێزگاری کەربەلا ، پەیامێکی فەرمی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە و تێیدا هاوخەمی و سوپاسگوزاریی خۆی بۆ خەڵک و بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجە دەربڕی.

پارێزگاری کەربەلا لە پۆستەکەیدا هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ خێزانی "ڕوقیە" دەربڕی، ئەو کچە منداڵەی کە بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێنی خنکانەوە لە پارێزگای هەڵەبجە گیانی لەدەستدا. خەتابی لە خودای مەزن داواکارە کە کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری و ئارامی بە بنەماڵەکەی ببەخشێت.

هەروەها پارێزگاری کەربەلا، بە زمانی کوردی سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە و خەڵکی بەڕێزی پارێزگاکە کرد. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هەڵوێستە مرۆڤدۆستانەیە و ئەو هاوسۆزییە ڕاستەقینەیەی خەڵکی هەڵەبجە بۆ ئەو خێزانە کەربەلاییە نیشانیان دا، "جوانترین ماناکانی برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی" و ڕەسەنایەتی گەلی عێراقی سەلماند.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەندازیار نسەیف جاسم خەتابی ڕایگەیاند، کە وەک وەفایەک بۆ ئەو هەڵوێستە گەورەیە، لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانێکی فەرمی بۆ پارێزگای هەڵەبجە ئەنجام دەدات. ئامانجی سەردانەکە پێشکەشکردنی سوپاس و پێزانینی ڕاستەوخۆیە بە پارێزگار و خەڵکی هەڵەبجە، کە ئەم هەڵوێستەیان بووەتە جێگای شانازی بۆ هەموو خەڵکی کەربەلا.

بڵاوکردنەوەی ئەم پەیامە بە زمانی کوردی لەلایەن پارێزگاری کەربەلاوە، کاردانەوەی ئەرێنی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە و وەک هێمایەک بۆ قووڵیی پەیوەندییە مرۆیی و نیشتمانییەکانی نێوان هەردوو پارێزگاکە دەبینرێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.