وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، ئەمشەو ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ئاستەکانی زمانی ئینگلیزی بڵاو دەکرێتەوە. لە ماوەی چوار ڕۆژدا زیاتر لە 2 هەزار خوازیار بەشدارییان لە تاقیکردنەوەی کۆتایی ئاستەکان کردووە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمشەو یەکشەممە 14-06-2026، ئەنجامی تاقیکردنەوەی کۆتایی ئاستەکانی زمانی ئینگلیزی بۆ قوتابییانی خوێندنی باڵا و خوازیارانی بەدەستهێنانی نازناوی زانستی بڵاو دەکرێتەوە.
سەبارەت بە کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی، کاتژمێر 8:00ـی ئەمشەو ئەنجامی تاقیکردنەوە فێرکارییەکانی کۆتایی خولی 22هەمینی ئاستەکانی زمانی ئینگلیزی لە سێنتەری زمانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنرێت.
ئاماژە بەوەش درا کە بەشداربووان دەتوانن لە ڕێگەی ئەم بەستەرەی خوارەوە و لە بەشی (result) ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە: https://lc.digital.gov.krd/#/login
جێی ئاماژەیە، بە سەرپەرشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا، 2,326 بەشداربوو لە ماوەی نێوان 06-06-2026 تاوەکو 10-06-2026 لە سێنتەرەکانی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان، بەشدارییان لە تاقیکردنەوەی کۆتایی ئاستەکاندا کردبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.