میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر باشووری وڵاتەکە، ئاوی خواردنەوە لە هەزاران هاووڵاتی لە قەزای "سیریک" بڕاوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەمریکا وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی جۆری (ئەپاچی) سوپاکەی لەلایەن ئێرانەوە، چەند هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر شارەکانی (جاسک، سیریک و دوورگەی قەشم) لە گەرووی هورمز ئەنجامدا.
بەرپرسانی کەرتی ئاوی ناوچەکە ڕایانگەیاندووە، بۆردومانەکان دوو کۆگای سەرەکیی ئاویان پێکاوە کە سەرچاوەی دابینکردنی ئاو بوون بۆ ناوچەکانی (بیمانی و کۆهستەک). لە ئەنجامدا، زیاتر لە 20 هەزار دانیشتووی ناوچەکە لە دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە بێبەش بوون. بەرپرسان هۆشداری دەدەن کە لە کاتێکدا پلەی گەرمی ناوچەکە لە نێوان 45 بۆ 50 پلەی سەدیدایە، ژیانی هاووڵاتییان لە مەترسییەکی گەورەدایە.
لای خۆشییەوە، حکوومەتی تاران هێرشەکانی ئەمریکای شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند کە هێرشەکان "بە بیانووی بێبنەما" ئەنجامدراون. لە وەڵامدا، ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئەو بنکە سەربازییانەی ئەمریکا کە لە وڵاتانی بەحرەین، ئوردن و کوێت جێگیرکراون.
ئێستا تیمە تەکنیکییەکانی پارێزگای "هورمزگان" لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی جێگرەوەی ئاو بۆ ئەو گوندانەی کە بەهۆی تێکچوونی تۆڕی ئاوەکەوە زیانیان پێگەیشتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.