Erbil 31°C چوارشەممە 10 حوزەیران 22:03

پلانداڕێژەری هێرشە خۆکوژییەکەی سەر تایلۆر سویفت بە 15 ساڵ زیندانی سزادرا

Dahen Zrar
100%

دادگایەکی نەمسا سزای 15 ساڵ زیندانیی بەسەر گەنجێکی تەمەن 21 ساڵدا سەپاند، کە دانی بەوەدا ناوە پلانی بۆ هێرشێکی "جیهادی" بۆ سەر کۆنسێرتێکی گۆرانیبێژی ئەمریکی تایلۆر سویفت لە ساڵی 2024 داڕشتووە.

لەو کاتەدا، سێ کۆنسێرتی تایلۆر سویفت لە ڤیێنا هەڵوەشێندرانەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پۆلیس ئاشکرای کرد کە گروپێک پلانیان بۆ تەقینەوەیەکی خۆکوژی بە ئیلهاموەرگرتن لە ''ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی – داعش'' داناوە. کۆشکی سپی لەو سەردەمەدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا زانیاریی هەواڵگریی بە نەمسا داوە بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو هێرشە مەترسیدارە.

دوای چەند کاتژمێرێک لە مشتومڕ، هەیئەی سوێندخۆران "بێران ئا"ی تەمەن 21 ساڵیان بە تۆمەتی داڕشتنی پلانی هێرشەکە و پێکهێنانی خانەیەکی سەر بە داعش تاوانبار کرد و دادوەر سزای 15 ساڵ زیندانیی بۆ دەرکرد. هاوکات، تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی ''ئەردا ک''ی تەمەن 21 ساڵ، کە لە هەمان کەیسدا دادگایی دەکرا، سزای 12 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی زانیارییەکانی داواکاری گشتی، ئەم دوو کەسە لەگەڵ تۆمەتبارێکی سێیەم بە ناوی حەسەن ئا خانەیەکی تیرۆریستیی زۆر مەترسیداریان پێکهێناوە. جێگەی ئاماژەیە، حەسەن لە ئێستادا لە وڵاتی سعودیە زیندانییە بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2024 لە شاری مەککە هێرشی کردبووە سەر کارمەندێکی ئەمنی و برینداری کردبوو.

هەروەها ساڵی ڕابردوو دادگایەکی بەرلین سزای 18 مانگ زیندانیی بۆ مێرمنداڵێکی سووری دەرکرد کە بەشداریی لە داڕشتنی پلانی هێرشەکەدا کردبوو. لە ئێستادا پارێزەرانی تۆمەتباران مافی تانەدان لە بڕیارەکانی دادگای نەمسیان هەیە.

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.