Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 07:03

مەسرور بارزانی لە بەغداوە: وەڵامی ئەرێنیمان لەبارەی مووچە وەرگرتووە

کوردستان TV
100%

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی میدیایی نوێدا لە بەغدای پایتەخت، مژدەی وەرگرتنی "وەڵامی ئەرێنی" لەبارەی کێشە داراییەکان ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە ئیرادەیەکی جیدی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو ئاستەنگانەی ساڵانێکە بەرۆکی بژێویی هاووڵاتییانی گرتووە.

سەرۆکی حکومەت ئاشکرای کرد کە لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای فیدراڵ، دۆسیەی "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم" و "شایستە داراییەکانی جوتیاران" تەوەرە هەرە لەپێشینەکان بوون و وتی: "وەڵامی ئەرێنیمان لەبارەی مووچە و شایستەی جوتیاران وەرگرتووە." ئەمە وەک ئاماژەیەکی بەهێز بۆ نزیکبوونەوە لە چارەسەرێکی پراکتیکی و بنەڕەتی بۆ قەیرانی دارایی دەبینرێت.


مەسرور بارزانی بە زمانێکی بڕیاردەرانە جەختی لەوە کردەوە کە چیتر نابێت بژێوی خەڵک بکرێتە کەرەستەی ململانێ و ڕایگەیاند: "هەمووان دەزانن کێشەی مووچە کێشەیەکی بنەڕەتییە و دەبێت چارەسەر بکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجی سەرەکیی شاندەکەی هەرێم لەم سەردانەدا زۆر ڕوونە: "هاتووین بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەین."


لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پتەویی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و جەمسەرە کاریگەرە سیاسییەکانی عێراق کرد و وتی: "پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ هاوپەیمانیی تەقەدوم هەیە." ئەم هەماهەنگییە سیاسییە وەک پاڵپشتێکی بەهێز دەبینرێت بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە یاسایی و پەرلەمانییەکان لە بەغدا.

ئەم لێدوانە ئومێدبەخشەی مەسرور بارزانی، کە لە نێو جەرگەی پایتەختی فیدراڵەوە ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرا، نیشانەی سەرکەوتنی "ستراتیژیی دیالۆگ"ە کە هەولێر پەیڕەوی دەکات، و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەنگاوی کرداری بۆ ناردنی شایستە داراییەکان بنرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.