بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، هێزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە ڕانیە، تۆمەتبارێکیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی ئەلیکترۆنی دەستگیر کردووە. دەستگیرکردنی ئەم تۆمەتبارە دوای ئەوە هات کە هاووڵاتییەک سکاڵای یاسایی لە دژی تۆمار کرد.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، سکاڵاکارەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تۆمەتبارەکە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە وێنەکانی ئەوی لە هەژماری ئینستاگرامەکەیەوە بردووە و دواتر هەژمارێکی ساختەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (سناپچات) بە ناو و وێنەی سکاڵاکارەکەوە دروست کردووە.
تۆمەتبارەکە کە گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵە و بە پیتەکانی (پ. هـ. حـ) ئاماژەی پێکراوە، دوای دەستگیرکردنی، لەبەردەم پۆلیس و دادوەردا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو هەژمارە ساختەیەی بۆ چاتکردن و هەراسانی چەندین خانم بەکارهێناوە.
لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر، تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی ٢ لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ڕاگیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و ڕێکارە یاساییەکان لە بەرامبەری بەردەوامن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.