ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ شاندێکی باڵای وڵاتەکەی، بە سەردانێکی فەرمی دوو ڕۆژە و لەسەر بانگهێشتی شی جین پینگ هاوتا چینییەکەی، گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی شاری پەکین.
کۆشکی کرمیلین ڕایگەیاند، پووتین و شی جین پینگ لە كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی سبەی چوارشەممەدا بەنیازن تاوتوێی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات بکەن، لەگەڵ تاوتوێکردنی چەند پرسێكی سەرەکی دیكەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی.
کۆشکی کرمیلین هەروەها ئاماژەی بەوەداوە كە بڕیارە سەرۆكی رووسیا و سەرۆكی چین لە كۆبوونەوەكەی سبەی چوارشەممەدا نزیکەی 40 ڕێککەوتننامە واژۆ بکەن.
ئەم سەردانەی پووتین بۆ وڵاتی چین، هاوکاتە لەگەڵ 25ـەمین ساڵیادی واژۆکردنی پەیماننامەی دۆستایەتی نێوان چین و ڕووسیا کە لە ساڵی 2001 واژۆ کرا.
ئەم سەردانەی پووتین لەكاتێكدایە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەفتەی رابردوو بۆ ماوەی سێ رۆژ سەردانی وڵاتی چینی كردبوو، رۆژی هەینی رابردوو پەكینی جێهێشتبوو و گەڕابووەوە واشنتۆن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.