Erbil 31°C چوارشەممە 21 تشرینی یەکەم 00:42

ئیتاڵیا.. بەهۆی گرژی و توندوتیژیی خۆپیشاندانەکان 500 سەرباز ڕەوانەی میلانۆ دەکرێن

100%

دوای ڕوودانی پشێوی، تاڵانکردنی فرۆشگاکان و پێکدادانی توند لە نێوان خۆپێشاندەران و پۆلیس بەهۆی گرانییەوە، حکوومەتی ئیتاڵیا بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە 500 سەربازی سوپا لە شاری میلانۆ بڵاوە پێدەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی دەنگوباسی "فرانس پرێس" بڵاوی کردەوە: حکوومەتی ئیتاڵیا بە نیازە (500) سەربازی سوپا ڕەوانەی شاری میلانۆ لە باکووری وڵات بکات، ئەوەش لە دوای ئەو پێکدادانە توندانەی کە لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا ڕوویدا و وای لە کۆمپانیا و براندە ناودارەکان کرد فرۆشگاکانیان لەو شارەدا دابخەن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، شارە جیاوازەکانی ئیتاڵیا شایەتی خۆپیشاندانی بەرفراوانی قوتابیان، جوتیاران و شۆفێرانی بارهەڵگرن دژ بە گرانی، هاوکات پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا، بڕیاری بڵاوەپێکردنی سوپا پەسەند بکرێت و دەسەڵاتی کاتی بە سەربازان بدرێت بۆ ئەوەی لە پاراستنی ئاسایشدا هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان بکەن.

پێکدادانە توندەکانی ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی ڕابردوو بوونە هۆی دەستگیرکردنی سەدان کەس و برینداربوونی دەیان کارمەندی پۆلیس، هەروەها چەندین فرۆشگا لە شاری میلانۆ کە بە پایتەختی مۆدێلی ئیتاڵیا ناسراوە تاڵان کران، چاوەڕوانیش دەکرێت ڕۆژی شەممەی داهاتوو شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندان ئەنجام بدرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ماتێۆ سالڤینی، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە لێدوانێکدا بۆ ڕادیۆیەکی ناوخۆیی، پێکدادانەکانی بە شەرمەزارکەر ناو برد و دووپاتی کردەوە کە ئەنجومەنی وەزیران ڕێکاری دەستبەجێ لەوانەش بڵاوەپێکردنی سوپا ڕادەگەیەنێت، هاوکات حکوومەت تاوتوێی ڕێوشوێنی توندتر دەکات بۆ سنووردارکردنی گردبوونەوەکان، ئاسانکردنی مەرجەکانی دەستگیرکردنی مێرمنداڵان و سەپاندنی سزای توندتر بەسەر سەرپەرشتیاری ئەو نەوجەوانانەی بەشداری لە توندوتیژییەکاندا دەکەن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.