رۆژنامەیەكی ئەمریكی ناوەڕۆكی ئەو وەڵامەی ئێرانی ئاشكرا كرد كە تێدا ئەمڕۆ یەكشەممە وەڵامی دوایین پێشنیاری ئەمریكای دراوەتەوە، ئاماژەی بەوەش دا كە وەڵامەكە بەهیچ شێوەیەك بە دڵی ئەمریكا نەبووە.
رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆڕناڵ) رایگەیاندووە: ئەمڕۆ یەكشەممە ئێران بە چەند وەرەقەیەكی ئەیفۆڕ وەڵامی پێشنیارەكەی ئەمریكای داوەتەوە، وەڵامەكە گەیشتۆتە دەست پاكستانییەكان و لەوێشەوە گەیەنراوەتە دەست بەرپرسانی ئەمریكا.
راشیگەیاند: دۆناڵد ترەمپ و بەشێك لە بەرپرسانی باڵا ئەمریكا وەڵامەكەیان خوێندۆتەوە و بەهیچ شێوەیەك بەدڵنیان نەبووە، وەڵامەكە بەگشتی داخوازییە سەرەكییەكانی واشنتۆنی تێدا نەبووە بەتایبەتیش لەبارەی دۆسییە ئەتۆمییەكانەوە كە ئێران هیچ بەڵێنێكی بۆ لەناوبردنی نەداوە.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە: وەڵامەكەی ئێران زیاتر خۆی لە وەستانی شەڕ و كردنەوەی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەماڕۆ ئاوییەكان دەبینێتەوە، بەڵام ئەمریكا پێداگیری لەوە كردووە دۆسییەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە بەتەواوەتی كۆتایی پێ بێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئەمشەو یەكشەممە لە لێدوانێكدا رەخنەی توندی لە ئێران گرت و ئاماژەی بەوە دا كە تاران ماوەی 47 ساڵە یاری بە ئەمریكا و هەموو وڵاتانی جیهان دەكات و خەڵك دەكوژێت و خۆی لە رێككەوتنەكان دەدزێتەوە، بەڵام جەختی كردەوە كە ئەمجارە رێگە نادات ئەو وڵاتە پێیان پێ بكەنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.