Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 06:54

ژاپۆن بە 32 ملیار دۆلار دەستوەردان لە بازاڕی دراودا دەکات بۆ ڕزگارکردنی "یەن"

کوردستان TV
100%

حکومەتی ژاپۆن بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2024ـەوە، دەستوەردانی ڕاستەوخۆی لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراودا کرد و بڕی 5 تریلیۆن یەنی (نزیکەی 32 ملیار دۆلار) خستە بازاڕەوە، ئەمەش بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دابەزینی زیاتری بەهای دراوەکەی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ئابوورییەکانی ژاپۆن، بەهای یەن گەیشتە نزمترین ئاستی لەوەتەی هاوینی ساڵی 2002، کاتێک هەر دۆلارێک گەیشتە 160 یەن. ئەم دابەزینە توندە وای کرد بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی ژاپۆن بڕیاری دەستوەردانی بەپەلە بدەن. ئاژانسی "جیجی پرێس" و ڕۆژنامەی "نیکی" ئاشکرایان کردووە کە بڕی دەستوەردانەکە لە نێوان 32 بۆ 38 ملیار دۆلار بووە، کە ئەمەش بڕێکی زۆرە بۆ پاڵپشتیکردنی دراوی نیشتمانی.

پسپۆڕانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە سێ هۆکاری سەرەکی لە پشت دابەزینی بەهای یەنەوەن؛ یەکەمیان هەڵگیرسانی جەنگ لە ئێران، دووەمیان بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا، و سێیەمیان فراوانبوونی جیاوازیی نرخی سوود (Interest Rate) لە نێوان بانکە ناوەندییەکانی ئەمریکا و ژاپۆندا، کە وای کردووە وەبەرهێنەران زیاتر ڕوو لە دۆلار بکەن.

ڕۆژنامەی "یۆمیۆری شیمبۆن" لە زاری سەرچاوەیەکی حکومییەوە پشتڕاستی کردەوە کە ئەم هەنگاوە دوای هۆشدارییەکانی وەزیری دارایی دێت کە پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو طۆکیۆ ڕێگە نادات بەهای دراوەکەی زیاتر دابەزێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ژاپۆن لە ساڵی 2002ـەشدا ملیارەها دۆلاری بۆ هەمان مەبەست خەرج کردبوو، بەڵام دۆخی ئێستای بازاڕ و گرژییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فشارێکی زیاتریان خستووەتە سەر ئابووری ئەو وڵاتە.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.