Erbil 31°C شەممە 01 ئاب 21:19

میدیای ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵای لە باشووری لوبنان ڕاگەیاند

کوردستان TV
100%

کەناڵی 12ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی "بنت جبێل" لە باشووری لوبنان، عەلی ڕەزا عەباس، فەرماندەی حزبوڵا کوژراوە.

عەلی ڕەزا عەباس کە بە "حاجی ئەبو حسێن باریش" ناسراوە، یەکێکە لە فەرماندە دیار و کاریگەرەکانی ناو ڕیزەکانی حزبوڵا. بەگوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، ناوبراو لە ساڵی 2024دا یەکێک بووە لەو کەسانەی بەرپرسیارێتییەکی سەرەکی و باڵای لە ناو "هێزی ڕەزوان"دا پێسپێردراوە.

لەم چوارچێوەیەدا، سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە ڕۆژی هەینی زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر باشووری لوبنان ئەنجامداوە، بەو پاساوەی چەکدارانی حزبوڵا "تێگەیشتنەکانی ئاگربەستیان پێشێل کردووە". ئەم هێرشانە وەک یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازیی  هەژمار دەکرێن لە دوای دەستپێکردنی ئاگربەست.

سوپای ئیسرائیل ڕوونیکردەوە، هێزەکانیان لە باشووری "هێڵی زەرد" تێبینی چەند چەکدارێکیان کردووە کە لە پێگەکانیان نزیک بوونەتەوە، ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بینراوە و وایکردووە هێزی ئاسمانی و زەمینی چەند هێرشێک بۆ سەر ئەو ناوچانە ئەنجام بدەن بە مەبەستی لەناوبردنی سەرچاوەی هەڕەشەکان.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە کارەکانیان لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی سەرکردایەتی سیاسی و بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان و هێزەکانیانە، جەختیشیان کردووەتەوە کە دەسەڵاتی تەواویان هەیە بۆ گرتنەبەری هەر ڕێکارێکی پێویست لە پێناو بەرگری لە خۆکردن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.