وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سیستەمی نوێی دیجیتاڵی وەزارەتی کارەبا و سیستەمی (ئی-پسوولە) لە هەریەك لە ناوچەكانی سۆران، کۆیە، شێخان، سیمێل و خەبات دەخرێتەکار.
وەزارەتی كارەبا رایگەیاند: خۆشحاڵین بە ڕاگەیاندنی دەستەبکاربوونی سیستەمی نوێی دیجیتاڵی وەزارەتی کارەبا لە هۆبەی فرۆشیاری وزەی سۆران، کۆیە، شێخان، سیمێل و خەبات کە نزیکەی 300,000 هاوبەش سوودی لێ دەبینن.
راشیگەیاند: ئەم سیستەمە نوێیە لە هۆبەکانی فرۆشیاری وزە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان یەک دەخرێت و سوودی دەبێت لە ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و پڕۆسەی پسوولەکردن و پارەدان لە ڕێگەی سەکۆی پارەدانی دیجتاڵی (ئی-پسوولە) بەشێوەیەکی خێراتر و ئاسانتر.
وەزارەتی كارەبا هەروەها رایگەیاند: ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێشووتر هەمان سیستەم لە هۆبەکانی فرۆشیاری هەولێر، سلێمانی، دهۆک، زاخۆ، هەڵەبجە و ڕاپەڕین جێبەجێ کرا و ڕەنگدانەوەی چاکسازییەکانی پڕۆژەی ڕووناکییە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ تەواوی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.
لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوە دا كە لە ئێستادا نزیکەی 80%ی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سوود لە یەک سیستەمی دیجیتاڵی یەکگرتوو وەردەگرن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانییان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.