Erbil 31°C پێنجشەممە 30 تەمووز 18:06

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ سی و هەشت ساڵەی کارەساتی ئەنفال

کوردستان TV
100%

لە 38ـەمین ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفالدا، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند، ئەنفال برینێکی قووڵە لە دڵی هەموو خەڵکی کوردستاندا و هەوڵێکی سیستەماتیک بوو بۆ سڕینەوەی گەلی کورد. سەرۆک بارزانی جەخت دەکاتەوە کە پێویستە ئەم تاوانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک جینۆساید بناسرێت و دەوڵەتی عێراقیش بەرپرسیاریەتیی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی بکەوێتە ئەستۆ.


دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئەنفال برینێكی قووڵە لە دڵی هەموو خەڵكی كوردستان، یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراقەوە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و ئامانجدار لەدژی گەلی كوردستان پیادە كرا. لە ئەنجامی ئەو كردەوە نامرۆڤانەیەدا سەد و هەشتا و دوو هەزار هاوڵاتیی کورد بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان كردبێت و تەنیا لەبەر كوردبوونیانەوە بێسەروشوێن و شەهید كران. هەروەها كیمیابارانكردن، تەعریب، دەركردنی بەزۆر، گۆڕینی دیموگرافی و وێرانكردنی هەزاران گوند و هەوڵدان بۆ تێكدانی هەموو بنچینەكانی ژیان لە كوردستان، بەشێكی تری ئەو تاوانانە بوو كە حكومەتی پێشووی عێراق لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی داوە.

ئەنفال زوڵمێكی زۆر گەورە بوو لە هەمانكاتدا وانەیەكی گرنگە بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوو كە نابێ لەژێر هیچ بارودۆخێكدا فەرامۆش بكرێت. پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسرێت و لە ئاستی عێراقدا ئەو دڵنیاییە هەبێت کە ئەم تاوانانە لە بەرانبەر گەلی كوردستان هەرگیز دووبارە نابنەوە. هەروەها ئەركی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە.

لە یادی سی و هەشت ساڵەی كارەساتی ئەنفالدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین، و هاوبەشی خەم و ئازاری خێزان و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.