بەرنامەی جیهانیی خۆراک (WFP) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی هەینی هۆشداری دایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە تێکچوونی خێرای ئاسایشی خۆراک لە لوبنان، ئەوەش بەهۆی بەردەوامیی جەنگی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل.
ئەلیسۆن ئۆمان، بەڕێوەبەری بەرنامەی جیهانیی خۆراک لە لوبنان ڕایگەیاند، کاروانەکانی هاوکارییان بەردەوامن لە گەڕان بە وڵاتەکەدا، بەڵام ژینگەی کارکردن زۆر ئاڵۆز بووە و چیتر ناتوانرێت ئاسایش بە گەرەنتی دابنرێت، بەتایبەت کە پێویستییەکان بە خێرایی ڕوو لە زیادبوونن.
بەپێی ئامارەکانی ئەو ڕێکخراوە، لە سەرەتای جەنگەوە تەنها 10 کاروانی هاوکاری گەیشتوونەتە دەستی 40 بۆ 60 هەزار کەس، لە کاتێکدا چەندین کاروانی تر بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنییەوە نەیانتوانیوە بگەنە شوێنی مەبەست. ئاماژە بەوەش دراوە کە نزیکەی 150 هەزار کەس لە باشووری لوبنان گیریان خواردووە و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون.
بەڕێوەبەری بەرنامەی جیهانیی خۆراک ئاماژەی بەوەش کرد، کە پەککەوتنی کەرتی کشتوکاڵ لە باشوور و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کود، بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی خۆراک بەتایبەت نان و سەوزەوات لە سەرانسەری لوبناندا.
لە لایەکی دیکەوە، عەبدولناسر ئەبوبەکر، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە بەیروت ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانەوە زیان بە 13 نەخۆشخانە گەیشتووە و 6 نەخۆشخانەیان بە تەواوی داخراون، ئەمەش بارگرانییەکی گەورەی بۆ کەرتی تەندروستی دروست کردووە.
ئەم قەیرانە مرۆییە لە کاتێکدایە، کە هەرچەندە ڕێککەوتنێکی دوو هەفتەیی بۆ ئاگربەست لە نێوان واشنتۆن و تاران واژۆ کراوە، بەڵام بەردەوامیی بۆردومانەکانی ئیسرائیل مەترسیی لەسەر هەڵوەشانەوەی ئەو ئاگربەستە و خراپتربوونی دۆخەکە
دروست کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.