Erbil 31°C پێنجشەممە 30 تەمووز 13:14

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بۆ ئەمریکیەکان: دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن

کوردستان TV
100%



باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا، ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، هۆشدارییەکی ئەمنی "ئاستی چوارەم" و بەپەلەی ئاراستەی سەرجەم هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لە عێراق کرد و داوای لێکردن بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە دەستبەجێ وڵات جێبهێڵن.

بەپێی بەیاننامە فەرمییەکەی باڵیۆزخانە، ڕۆژی 8ی نیسان چەند گرووپێکی میلیشیای لایەنگری ئێران چەندین هێرشیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ناوەندی پاڵپشتی دیپلۆماسی و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا ئەنجامداوە. باڵیۆزخانە هۆشداری دەدات کە ئەم گروپانە پلانیان هەیە هێرشی زیاتر بکەنە سەر هاوڵاتیانی ئەمریکی و بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە سەرانسەری عێراق.

لە هۆشدارییەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هاوڵاتیانی ئەمریکی "بە هیچ جۆرێک" گەشتی ئاسمانی لە ناوخۆی عێراق ئەنجام نەدەن، سەرەڕای کردنەوەی ئاسمانی وڵات، چونکە مەترسیی موشەک و درۆنەکان هێشتا بەردەوامە. باڵیۆزخانە داوا لە هاووڵاتیانی دەکات تەنیا لە ڕێگەی "وشکانییەوە" بەرەو وڵاتانی ئوردن، کوێت، عەرەبستانی سعوودیە و تورکیا عێراق جێبهێڵن.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش داوە کە گروپە چەکدارەکان دەکرێت دامەزراوە دیپلۆماسییەکان، کۆمپانیا، زانکۆ، بنکەکانی وزە، هۆتێل و فڕۆکەخانەکان بکەنە ئامانج، هاوکات مەترسیی "ڕفاندنی" هاوڵاتیانی ئەمریکیش لە ئارادایە.

لە کۆتاییدا، باڵیۆزخانە داوا لە ئەمریکییەکان دەکات بەهۆی مەترسییەکانەوە "بۆ هیچ مەبەستێک" سەردانی باڵیۆزخانە لە بەغدا یان کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر نەکەن و تەنیا لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە پەیوەندی بکەن، جەختیشی کردەوە کە "گەشت مەکەن بۆ عێراق و ئەگەر لەوێشن، دەستبەجێ بڕۆنە دەرەوە."

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.