وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامێکی دیپلۆماسیی نوێی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادە کردووە و بڕیارە لە کاتێکی گونجاودا ڕایبگەیەنێت. هاوکات تاران، واشنتن بە تێکدانی ڕێڕەوی دیپلۆماسی لە ماوەی ڕابردوودا تۆمەتبار دەکات.
مێدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، تاران وەڵامی دیپلۆماسیی خۆی بۆ لایەنی ئەمریکی داڕشتووە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە کە گوتارەکانی ئەمریکا لەگەڵ کردەوەکانیدا یەکناگرنەوە و واشنتن بەرپرسیارە لە ئاڵۆزکردنی دۆخە دیپلۆماسییەکە.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، پلانێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان لەژێر ناوی "ڕێککەوتنی ئیسلامئاباد" ئامادە کراوە. ئەم پلانە کە لەلایەن سوپاسالاری پاکستان، ئاسیم مونیرەوە داڕێژراوە، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات ئاڵوگۆڕی پێ کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، پلانەکە لە دوو قۆناغی سەرەکی پێکدێت:
ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ لە نێوان هەردوولا.
واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ماوەی 15 بۆ 20 ڕۆژدا.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سوپاسالاری پاکستان بە درێژایی شەوی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی چڕدا بووە لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ گەیشتن بە کۆدەنگیی کۆتایی.
بڕیارە ڕێککەوتنە سەرەتاییەکە وەک یاداشتێکی لێکتێگەیشتن و بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی لایەنی پاکستانییەوە واژۆ بکرێت، کە تەنیا کەناڵی پەیوەندیی فەرمیی نێوان تاران و واشنتنە. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم پێشنیازە، کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمزە بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان، کە بەهۆی گرژییەکانەوە پەککەوتبوو.
پێشبینی دەکرێت گفتوگۆکانی قۆناغی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی ئەم چوارچێوە هەرێمییە، لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەبچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.