ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوای دانبەخۆداگرتن دەکات و ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دوو بنکەی ئەتۆمیی ئێران، تا ئێستا هیچ دزەکردنێکی تیشکدەر تۆمار نەکراوە.
ڕافایل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، جارێکی دیکە داوای دانبەخۆداگرتنی سەربازی کرد بۆ ڕێگریکردن لە هەر مەترسییەکی ڕوودانی کارەساتی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا. ئەم داوایە دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل دوو دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێرانی کردووەتە ئامانج، کە یەکێکیان وێستگەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی یۆرانیۆم بووە.
ئاژانسەکە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ئاماژەی بەوە کردووە، لە دامەزراوەی "شەهید ڕەزایی نەژاد" کە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی خاو (کێکی زەرد)، هیچ بەرزبوونەوەیەکی ئاستی تیشکدان لە دەرەوەی وێستگەکە تۆمار نەکراوە، ئەمەش دڵنیایی دەدات کە تا ئێستا کارەساتی ژینگەیی ڕووی نەداوە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چووەتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان نیگەرانن لەوەی پێکدادانە سەربازییەکان بگەنە ئاستی وێرانکاریی ئەتۆمی، کە ئەوەش هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر تەواوی جیهان.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.