وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە 29-3-2026 پڕۆسەی خوێندن لە سەرجەم ناوەندە حکوومی، ناحکوومی و نێودەوڵەتییەکان دەستپێدەکاتەوە و سیستەمی خوێندنی ئەلیکترۆنیش وەک بژاردەیەک بۆ قوتابیان دەمێنێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی وەزارەتی پهروهرده، هەر بەخێوکارێک نەیەوێت منداڵەکەی بە شێوەی فیزیکی لە ناو پۆلدا ئامادە بێت، دەتوانێت سوود لە پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکان (وەک پلاتفۆرمی ئی-وانە) وەربگرێت و هیچ غیاباتێکی بۆ هەژمار ناکرێت، بەو مەرجەی تەنها لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا لە قوتابخانە ئامادە بێت و پێشتر فۆرمی تایبەت لەلایەن بەخێوکارەکەیەوە پڕکرابێتەوە.
سەبارەت بە قوتابخانە نێودەوڵەتی و بیانییەکان، وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە دەتوانن خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین فەراهەم بکەن یان بەگوێرەی بڕیاری دەستەی کارگێڕییان تەواوی خوێندنەکە بکەنە ئەلیکترۆنی، بەڵام ئامادەبوونی قوتابیان لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا بە ناچاری دەمێنێتەوە.
وەزارەتی پەروەردە دڵنیایی دەداتە قوتابیانی پۆلی 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی، کە ساڵنامەی خوێندنیان بۆ هەموار دەکرێتەوە تاوەکو بەبێ هیچ فشارێک خۆیان بۆ تاقیکردنەوە نیشتمانی و وەزارییەکان ئامادە بکەن.
ئەم بڕیارە دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا دێت، کە ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی پڕۆسەی خوێندن و فەراهەمکردنی کەشێکی گونجاوە بۆ قوتابیان لەگەڵ ڕەچاوکردنی بارودۆخی ئێستای ناوەندەکانی خوێندن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.