بەڕێوەبەرایەتیی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڕیاری دواخستنی خولی ساڵی 2026ـی پێشانگاکەی بۆ کاتێکی نادیار ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی سەرجەم دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و نووسەران کراوە، ئیدارەی پێشانگاکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە "بەهۆی ئەو بارودۆخ و ڕووداوە هەنووکەییانەی کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت، بڕیاریان داوە بە دواخستنی چالاکییەکانی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب بۆ کاتێکی دیکە".
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، کە "ئەم بڕیارە لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی بەشداربووان و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و گونجاو بۆ میوان و دەزگاکانی بڵاوکردنەوە دراوە، تاوەکو دڵنیایی بدرێت لەوەی پێشانگاکە بە باشترین شێوە و بە ڕێکی بەڕێوە بچێت".
ئیدارەی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، ڕاشیگەیاندووە کە "بە وردی چاودێریی پەرەسەندنی ڕووداوەکان دەکەن و لە کاتی دیاریکردنی هەر ژوانێکی نوێ بۆ ئەنجامدانی پێشانگاکە، لە کاتێکی گونجاودا هەموولایەک ئاگادار دەکەنەوە".
پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر کە ساڵانە لەلایەن دەزگای "مەدا" بۆ ڕاگەیاندن و کەلتوور و هونەر و بە چاودێریی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی و پشتگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوەندی پێشانگاکانی پارکی سامى عەبدولڕەحمان بەڕێوە دەچێت، یەکێکە لە گرنگترین و گەورەترین ڕووداوە فەرهەنگی و مەعریفییەکانی ناوچەکە و لە ساڵی 2006ـەوە بە بەشداریی سەدان دەزگای چاپی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەردەوامە، کە تێیدا جیا لە نمایشکردنی هەزاران ناونیشانی جیاواز، دەیان کۆڕ و دیداری ئەدەبی و فیکری بۆ ڕۆشنبیران ساز دەکرێن و بە ناوەندێکی سەرەکی بۆ ناساندنی ڕووی شارستانی و فەرهەنگیی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.