Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 22:11

بەیاننامەیەک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان- عێراق

پارتی دیموكراتی كوردستان
کوردستان TV
100%

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی زنجیرە هێرشە تێرۆریستی و دوژمنکارییە بەردەوامەکان دەکەین کە دەکرێنە سەر دانیشتوان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی ئادار، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند: بە توندترین شێوە سەرکۆنەی زنجیرە هێرشە تێرۆریستی و دوژمنکارییە بەردەوامەکان دەکەین کە دەکرێنە سەر دانیشتوان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان. دوایینیان ئەو پەلامارە دوژمنکارانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یە، کە لەلایەن ئیران بە مووشەک هێرش کرایە سەر بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئاشکرایە کە ​هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێزێکی یاساییە و لە چوارچێوەی دەستور و یاساكاندا كاروبارەكانی ئەنجام دەدات، هێزێكە بەپێێ یاسا و ڕێسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتە ئاشتی پارێزیەکانی هەرێمی کوردستان ڕەفتاری کردووە و فاکتەر و پارێزەری ئاسایش و سەقامگیری بووە، هیچ كاتێك هەڕەشە و مەترسی نەبوە بۆسەر هیچ لایەك، بەتایبەتی دراوسێكانی هەرێمی كوردستان، بۆیە پەلاماردانی بەم شێوەیە پێشێلکاریەکی زەقی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە و پێچەوانەی هەموو بنەماکانی دراوسێیەتی باش و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی لە بێلایەنیی لەشەڕ و کێشەکانی ناوچەکەدا کردووە و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێکەوەژیانە و دژی هەر جۆرە توندوتیژییەکە.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاشیگەیاند: لێرەوە داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین کە بەرپرسیارێتی دەستوریی خۆی هەڵبگرێت و لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسی و فەرمییەکانەوە هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی هەبێت بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و گیانی هاوڵاتییان و هێزە پارێزەرەكانی ئاشتی و ئاسایشی وڵات. هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین ڕۆڵی کارای خۆیان ببینن بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکاریە بەردەوامانە .

​لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری سەقامگیریی بووە، ویست و ئیرادەی خەڵکەکەمان بۆ ئاشتی و ئارامی لە هەموو دەستدرێژییەک بەهێزترە و بەم جۆرە پەلامارە نامەردانانە ناشكێت و پاشەکشە ناکات.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند: پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ئەو شەش پێشمەرگە تێکۆشەرە دەکەین کە ئەمڕۆ چوونە کاروانی نەمرییەوە، هەروەها سەری ڕێز و نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و هێزە ناوخۆییەکان دادەنەوێنین کە لە هێرشەکانی ئەم دواییانەدا گیانیان بەخشی، هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.