Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 22:11

وەزارەتی پێشمەرگە: 6 پێشمەرگە شەهید و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون

کوردستان TV
100%

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارەگاکانی فیرقەی 7 و فیرقەی 5 لە سنووری سۆران کەوتوونەتە بەر هێرشی مووشەکیی بالیستیی ئێران و بەهۆیەوە 6 پێشمەرگە شەهید و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ 24/3/2026 لە دوو هێرشی جیاوازدا، بارەگایەکی فیرقەی 7 ـی پیادەی دەڤەری 1 و هێزێکی فیرقەی 5 ـی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی دوژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مروڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی 6 موشەکی بالیستیی ئێرانی کەوتن و لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگەی قارەمان شەهید و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون. 

وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد: لە کاتێکدا کە بە توندترین شێوە ئەم هێرشە و هەموو هێرشە تیرۆریستییانەی تر کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە  کە ئێمە هەموو مافێکمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەک کە دەکرێتە سەر گەل و خاکەکەمان.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوکەدا هاتووە: بە هیچ جۆرێک چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد بەم جۆرە نامەردانە، وەڵامی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە. بەڵام تەمەنی غەدر و ستەم کورتە و ئیرادەی ئاشتیخوازی سەردەکەوێت.

وەزارەتی پێشمەرگە وێڕای پرسە و سەرەخۆشی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان، هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازێت. هەروەها جارێکی دیکە داوا لە هەموو لایەک دەکات شەڕ و ئاژاوە لە هەرێمی کوردستان بە دوور بگرن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو دۆستانمان دەکەین بەرانبەر ئەم پێشێلکاریانە بێدەنگ نەبن و  سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بێباکانە دابنرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.