Erbil 31°C چوارشەممە 05 ئاب 10:59

هاتوچۆی سلێمانی چەند بڕیار و ڕێنماییەکی نوێی لەبارەی جەژن و نەورۆز دەرکرد

کوردستان TV
100%

بەبۆنەی هاوکاتبوونی جەژنی ڕەمەزان و جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ سلێمانی وێڕای پیرۆزبایی، چەند بڕیار و ڕێنماییەکی گرنگی بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و شۆفێران ڕاگەیاند:

ڕێنمایی و هۆشدارییەکان:

1-  قەدەغەی شۆفێری بێ مۆڵەت: دایکان و باوکان هۆشیار دەکرێنەوە سویچی ئۆتۆمبێل نەدەنە دەست منداڵانی بێ مۆڵەت؛ بەپێی بەشی 21ی یاسای هاتوچۆ ڕێکاری توندیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

2-  پاراستنی منداڵان: بەهۆی زۆریی هاتوچۆی منداڵان لە شەقام و کۆڵانەکان، پێویستە شۆفێران بەوپەڕی وریایی و خێراییەکی کەمەوە شۆفێری بکەن.

3-  مەرجەکانی سەلامەتی: بەکارهێنانی پشتوێنی دڵنیایی (قایشی سەلامەتی) بۆ شۆفێر و سەرنشین ئیجبارییە.

4-  مۆبایل: بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی شۆفێریدا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

5-  ماتۆڕسکیل: شۆفێرانی ماتۆڕسکیل دەبێت پابەندی خێرایی، ترافیک لایت و کڵاوی پارێزەر بن.

6- ئارامیی هاووڵاتییان: هەر جۆرە سەرکێشییەک و بێزارکردنی هاووڵاتییان لەلایەن شۆفێرانی ماتۆڕسکیلەوە ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

7-  قەدەغەی سەرنشین لە بارهەڵگر: سەرخستنی منداڵ و سەرنشین لە بەشی پشتەوەی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیل قەدەغەیە و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا دەگیرێت.

8-  پارککردن: ڕێگری لە پارککردنی نادروست دەکرێت و سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.

9-  گۆڕستان و سەیرانگا: لە یەکەم ڕۆژی جەژنەوە مەفرەزەکانی هاتوچۆ لەبەردەم گۆڕستانەکان و تەواوی ناوچە گەشتیارییەکان بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆ جێگیر دەکرێن.

10- کامێراکانی چاودێری: کامێراکانی چاودێریی خێرایی لە ناو شار و دەرەوەی شار وەک ڕۆژانی ئاسایی بەردەوام لە کارکردندا دەبن.

11-  خێرایی دیاریکراو: پێویستە شۆفێران لە کۆڵان و شوێنە گشتییەکان پابەندی کەمترین خێرایی بن.

12- بڕیاری تایبەت بە دوکان: لە ڕۆژانی 21، 22 و 23ی ئازار، هاتنەناوەوەی بارهەڵگر بۆ ناو سەنتەری قەزای دوکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

13-  مەی و شۆفێری: شۆفێریکردن لەژێر کاریگەریی خواردنەوە کحولییەکان (مەی) قەدەغەیە و توندترین سزا دەدرێن.

14-  هێڵی گەرم: لەکاتی هەر حاڵەتێکی پێویستدا، پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە (188) بکەن.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.