بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوا، رۆژانی جەژن و نەورۆز لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان باران دەبارێت، تەنانەت ئەو شەپۆڵەی بارانبارینە تەواوی رۆژانی پشووش دەگرێتەوە.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی رایدەگەیەنێت: بەپێی دوایین نەخشەکان، نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور یەک دەگرن و شەپۆلێکی زۆر بەهێز و باراناوی ڕوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات.
هەروەها رایدەگەیەنێت: شەپۆڵەكە لە ئێوارەی سبەی پێنجشەممە دەست پێ دەکات و بە شێوەی پچڕپچڕ تا کۆتایی ئەم مانگە واتە رۆژی 31/3 بەردەوام دەبێت.
ئەو شارەزایەی كەشناسی ئاماژە بەوەش دەكات: پێشبینی دەكرێت لە ماوەی ئەم شەپۆڵەدا لە ناوچە شاخاوییەکان 100 بۆ 200 ملم و لە ناوچە دەشتاییەکان 50 بۆ 80 مل، باران ببارێت.
هۆشداریشی دا كە بەهۆی بارانی بەخوڕەوە، ئەگەری زۆری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو لە شوێنە نزمەکان و کەنار چەم و ڕووبارەکان هەیە.
سەبارەت بە پلەكانی گەرماش، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی گوتی: پلەکانی گەرما بەشێوەیەكی گشتی لەماوەی ئەم شەپۆڵەدا 4-5 پلە دادەبەزن، هەروەها لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر دەبارێت.
لە كۆتاییدا شارەزاكەی كەشناسی داوای لە هاووڵاتییان كرد بەهۆی ئەم شەپۆڵە چاوەڕوانكراوەی بارانبارینەوە، لە ماوەی ڕۆژانی جەژن و نەورۆزدا ئاگاداری خۆیان بن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.