Erbil 31°C سێشەممە 04 ئاب 12:01

بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی هەولێر ڕێگری لە گرانبوونی نرخ دەکات

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر ڕایگەیاند، لە مانگی ڕەمەزاندا 100 شوێن سزای دارایی دراون و 14 شوێنیش داخراون و دەشڵێت، بۆ جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز چاودێریی بازاڕ توندتر دەکەن.

ڕۆژی سێشەممە 17ـی ئادار، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانماندا بۆ مانگی ڕەمەزان و نزیکبوونەوەی جەژن، لیژنەکانمان لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا هەزار شوێنیان بەسەرکردووەتەوە. لە ئەنجامدا 100 شوێن سزای دارایی دراون و 14 شوێنیش بەهۆی سەرپێچی و گرانکردنی نرخەوە داخراون.

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، دەستیان بەسەر 23 تۆن لە کەلوپەلی ماوەبەسەرچوودا گرتووە و لەنێو بردراون. جەختیشی کردەوە لیژنەکانیان لە پشکنینی کوالێتی و کۆنترۆڵکردنی نرخ بەردەوام دەبن، بەتایبەت ئەو کاڵایانەی لەم کاتەدا خواستی زۆریان لەسەرە.

سەبارەت بە ئەگەری کەمبوونەوەی خۆراک لە کۆگاکاندا، هۆگر عەلی دڵنیایی بە هاووڵاتییان دا و گوتی: "خۆراک بۆ ماوەی شەش مانگ لە کۆگاکاندا هەیە و هیچ گرفتێکی کەمبوونەوە نییە".

لە کۆتایی قسەکانیدا بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر ڕایگەیاند، تەنانەت لە ڕۆژانی پشووی جەژنی ڕەمەزان و نەورۆزیشدا، لیژنەکانیان لەنێو بازاڕدا دەبن و ڕێگری لە هەر جۆرە قۆرخکارییەک دەکەن.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.