باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ئاگادارکەرەوەیەکی ئەمنی نوێی بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا ڕێنمایی نوێی سەبارەت بە بژاردەکانی جێهێشتنی وڵاتەکە خستووەتە ڕوو.
درەنگانی ئەمشەو پێنجشەممە 12ـی ئادار باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند: کە ئێران و گرووپە میلیشیا هاوپەیمانەکانی، هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر ئاسایشی گشتی لە عێراق. هەروەها چەندین هێرش کراوەتە سەر هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ژێرخانە هەستیارەکانی وزە، و پێشبینی دەکرێت ئەم هێرشانە بەردەوام بن.
باڵیۆزخانەکە هۆشداری داوە کە میلیشیاکان هێرشیان کردووەتە سەر ئەو هۆتێلانەی بیانییەکانی تێدایە و ئەو شوێنانەی پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە لە سەرتاسەری عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هەروەها جەخت لە بوونی مەترسی ڕفاندن بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەمریکی کراوەتەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و لەو شوێنانە دوور بکەونەوە کە دەبنە هۆی ئەوەی بکرێنە ئامانج. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "پێداچوونەوە بە دۆخی ئەمنیی خۆتاندا بکەن؛ بۆ زۆربەتان، جێهێشتنی عێراق لە زووترین کاتدا باشترین بژاردەیە."
هەروەها هاتووە کە پاراستنی هاووڵاتییانی ئەمریکی لە کارە هەرە لەپێشینەکانی سەرۆک ترەمپ و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە.
سەبارەت بە شێوازی جێهێشتنی عێراق، باڵیۆزخانەکە ڕایگەیاندووە: لە ئێستادا مەودای ئاسمانی داخراوە و گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکان ڕاگیراون بەڵام ڕێگەی وشکانی بەرەو وڵاتانی (ئوردن، کوێت، عەرەبستانی سعوودی، و تورکیا) کراوەن، بەڵام ئەگەری هەیە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دابخرێن .پێویستە گەشتیاران چاوەڕوانی دواکەوتنی زۆر بکەن لە دەروازە سنوورییەکان.
باڵیۆزخانەکە داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە بڕیاری مانەوە دەدەن، پێداویستییەکانی وەک خۆراک، ئاو و دەرمان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کۆبکەنەوە و بە تەواوی وریای جووڵەکانیان بن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشدارییەکی بەپەلە دەداتە هاووڵاتییانی و داوای جێهێشتنی عێراق دەکات
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.