جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە وڵامی پرسیارێکی پەیامنێری "کوردستان تیڤی" لە واشنتۆن، جەختی لە قوڵیی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان وڵاتەکەی و گەلی کورد کردەوە و ڕایگەیاند ئیدارەی ترەمپ بایەخێکی تایبەت بە دۆستایەتیی کورد دەدات.
لە میانەی کۆنفڕانسێکی ڕۆنامەوانیی جێگری سەرۆکی ئەمریکادا ڕەحیم ڕەشیدی، پەیامنێری کوردستان تیڤی، تیشکی خستە سەر مێژووی هاوپەیمانیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و سەبارەت بە ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا پرسیاری کرد. لە وڵامدا جەی دی ڤانس ڕایگەیاند: "پەیوەندییەکی زۆر بەهێزمان لەگەڵ کورد هەیە. سەرۆک ترەمپ کوردی خۆش دەوێت و ئیدارەی ئێستاش دۆستایەتییەکی زۆر باشی لەگەڵ کورد لە هەموو جیهاندا هەیە."
جێگری سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر ستراتیژیەتی واشنتۆن لە ناوچەکە و وتی: "ئامانجی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە کە کورد، عەرەب، جوو و مەسیحییەکان بتوانن لە ئاشتی، تەبایی و خۆشگوزەرانیدا پێکەوە بژین."
ڤانس دووپاتی کردەوە کە ئەم پێکەوەژیانە ئاشتیانەیە تەوەری سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە لە سووریا و تەواوی ناوچەکەدا، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامیی پشتگیرییەکانی واشنتۆن بۆ سەقامگیری و پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.