باڵەبانژەنە دەم بەخەندەکەى تیپى مۆسیقاى سلێمانى ...!
هەندێک بەهرەمەند جیا لەناو و نازناوە هونەرییەکەى، وەک هونەرمەندێکى ژەنیارى ئامێرێکى موزیک ساڵانێک لەپانتایی دنیا جوانەکەى هونەرى موزیک و گۆرانى تێکۆشاوە و خزمەتى کردووە، لەهەمانکاتیشدا ئەو بەهرەمەندە خاوەنى چەند بەهرەیەکى دیکەى هونەرییە ، ئەو خەسڵەتە جوانانەشى خستۆتەخزمەتى هۆگران و هەوادارانى موزیک و ئاوازى کوردى.
هونەرمەندى ژەنیارى باڵەبان (جەمال شادان) یەکێکە لەئەندامە دێرینەکانى تیپى مۆسیقاى سلێمانى و لەسەرەتاى دامەزراندنى ئەو تیپەوە خۆنەویست و دڵسۆزانە لە بەرنامە وئاهەنگ و کۆنسێرتەکانى تیپى مۆسیقاى سلێمانى بەشدارى کردووە، ئەم هونەرمەندە ڕۆح سووک و قسەلەمشت و ڕووخۆش و هەردەم بەخەندەیە، بەباڵەبانەکەیی و بەچڕینى گۆرانى و بەنوکتە و بەسەرهاتەخۆشەکانى و هەروەها وەک بەڕێوەبەرى ئاهەنگەکان بەهەستە جوانە هونەرییەکەى خۆشیی و شادى و خەندەى بەئامادەبوان بەخشیوە.
هونەرمەند جەمال شادان کێیە؟
ئەم هونەرمەند ئازیزەى تیپى مۆسیقاى سلێمانى ناوى ( جەمال عارف عەزیز) ە ، لەساڵى (1944) لەحەوشى گەورەى گەڕەکە دێرینەکەى کانیسکانى شارى سلێمانى چاوى بەدنیا هەڵهێناوە،
دایکى هونەرمەند ناوى ( ئامینە فەرەج مەعروف) ـە، جەمال شادان دووبراى دیکەى هەیە بەناوەکانى (کەمال و شەماڵ).
باوکى هونەرمەند ( عارف عەزیز) تاساڵى (1940) لەقەیسەرى( غەفوورئاغا) بەپیشەى چایچێتى بژێوى ژیانى خۆیی و خانەوادەکەى دابینکردووە، دواتر وازى لەوپیشەیە هێناوە و ماوەى (20) ساڵ ، واتە لەساڵى (1940بۆ 1960) عارف عەزیزى باوکى لەشارى سلێمانى سەرقاڵى کڕین و فرۆشتنى ئۆتۆمبێل بووە.
جەمال عارف عەزیز، لەساڵى (1950 _1951) لەقوتابخانەى کانیسکانى سەرەتایی خراوەتە بەرخوێندن، قۆناغى ناوەندى و خانەى مامۆستایانى لەشارى سلێمانى تەواو کردووە.
بەرلەوەى زیاتر ڕۆبچینە نێو ژیان و دنیاى هونەریی هونەرمەند، بابزانین بۆ نازناوى( شادان) ى کردۆتە پاشخانى ناوەکەى ؟
هونەرمەند جەمال عارف عەزیز لەدیمانەیەکدا چۆنیەتى هەڵبژاردنى ئەو نازناوەمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ( لەدەستەى دامەزرێنەرى تیپى مۆسیقاى سلێمانى بووین، بڕیار وابوو هەریەک لەئەندامانى تیپ بەناوى ئامێرەکەیەوە بناسرێت و بانگى بکەن،بۆنموونە یەکێک بەناوى جومبووشەکەیەوە ( حسێنى جومبووش) ، یەکێک بەناوى شمشاڵەکەیەوە(حەمەى شمشاڵ) ، بەڵام من ئەوەم قبووڵ نەبوو، تا وشەى (شادان) م دۆزییەوە بەواتاى دڵخۆش، خۆم ئەو ناوەم دۆزییەوە زۆریشم پێ‌خۆش‌بوو، هەندێک لەهاوڕێکانم وایان دەزانى ناوى دایکمە، نەخێر ئەوە نازناوى هونەریمە ) (1).
کاتێک قوتابى قۆناغى سەرەتایی بووە، جەمال شادان لەو تەمەنە منداڵییەوە حەزو ئارەزوو و خولیاى موزیکى هەبووە، منداڵێکى چالاک بووە و بەهاوکارى مامۆستاى هونەر چۆتە ناو تیپى سروودى قوتابخانەى کانیسکانى سەرەتایی و بەشدارى هەموو چالاکییە هونەرییەکانى قوتابخانەکەى کردووە،ئەو حەزوو خولیایە لەناخیدا گەشەى کردووە و ئارەزووى بۆ موزیک ڕۆژ بەڕۆژ پەلکێشى کردووە، هونەرمەند جەمال شادان بۆمان دەگێڕیتەوە دەربارەى قۆناغى سەرەتایی و دەڵێت: ( لەهەموو بۆنەو ئاهەنگەکانى ئەوسەردەمە وەکو جەژنى لەدایکبوونى پێغەمبەر(د،خ) کەلەمزگەوتى گەورە ئەنجام دەدرا بەشداریم کردووە، مامۆستا مەولودنامەکەى ئەخوێندەوە و ئێمە لەنێوان مەولودنامەکەدا گۆرانى مەولودنامەکەمان ئەخوێندەوە، من و چەند قوتابییەکى تر لەجەژنى دارودرەخت و جەژنى نەورۆز و بۆنەکانى تر بەشداردەبووین و جلى کەشافەیان لەبەردەکردین کە ڕەنگەکەى خاکى بوو) (2).
هونەرمەند جەمال شادان و ئامێرى دووزەلە یان جووتزەلە ..!
هونەرمەند لەتەمەنى منداڵییەوە ئاواتى بووە کە ڕۆژێک بێـت و ئامێرێکى موزیک فێرببێ و خۆى بیژەنێ ، دەست بەردارى ئەو خەونەى نابێت و بەدواى حەزوو ئارەزووەکەیدا هەنگاو دەنێ: ( جارێک لەگەڵ ماڵەوە چووین بۆ شارى کەرکووک بۆماڵى پوورم ، لەناوبازاڕ پیاوێک سەبەتەیەکى دانابوو ، لێی نزیک بوومەوە بینیم دووزەلەى تیا‌بوو کەپێی دەڵێن جووتزەلە، سەرنجم چووە سەر جووتزەلەکە، دانەیەکم لێکڕى بە (10) فلس، هاتینەوە بۆ سلێمانى، هاوڕێکانم لەکۆڵان سەرقاڵى یاریکردن بوون و منیش لەماڵەوە خۆم بەلێدانى جووتزەلەکەوە خەریک دەکرد، بیرمە کەفووم پیائەکرد و وردە وردە فێرى پیشخواردنەوە بووم تا شتێکى لێوە فێربووم)(3).
کاتێک قۆناغى سەرەتایی تەواو دەکات و هەنگاو بۆقۆناغى ناوەندى هەڵدەگرێت، خولیاکەى بۆ موزیک زێدەتر دەبێت بەردەوام دەبێت لەژەنینى ئامێرى جووتزەلەکەى، یەکێک لەو کەسایەتیانەى کە پشتگیرى کردووە و بەردەوام هانى داوە پەرەبەهونەرەکەى بدات ئەویش (حەمە فەرەج مەعروف1938_12/2/2008 ) خاڵى هونەرمەند جەمال شادان بووە، ئەم کەسایەتیە بۆخۆى دەرچووى پەیمانگاى هونەرەجوانەکانى بەغدا بەشى شانۆ و، لەهەمانکاتیشدا بێژەر و جواننووسێکى بێ وێنە و شەیداى شیعرى شاعیران بەتایبەت (پیرەمێرد1867_19/6/1950) ى نەمر بووە، لەبەر ڕۆشنفکریی و قسەخۆشەکانى و کەسێکى کۆمەڵایەتى و هاوڕێی نزیکى هونەرمەندان و شاعیران بووە لەنێو خەڵکى شارى سلێمانیدا بە (خاڵە حەمەفەرج) ناسراوە.
خاڵە حەمە فەرەج کاریگەرى لەسەر ژیان و ڕەوتى هونەریی خوشکەزاکەى دادەنێت و هەمیشە هاندەرى دەبێت تا زیاتر بەرەو سەرکەوتن هەنگاو بنێت.
دواى تەواو کردنى قۆناغى ناوەندى جەمال شادان لەساڵى (1963_1964) دەچێتە خانەى مامۆستایان ،بەمەبەستى بوون بەمامۆستا لەداهاتوودا، لێرەوە خولیاى جەمال شادان بۆ فێربوونى ئامێرى موزیک زیاتر دەبێت :( خاڵیشم حەمە فەرەج لەگەڵماندا دەژیا زۆر هاندەرم بوو کە پەرەبستێنم ، خاڵم هاوڕێی نزیکى مامۆستا ( ولیەم یوحەنا1934_14/9/2005) بوو، منى برد بۆ لاى مامۆستا ولیەم کە منى بینى وتى: حەزدەکەم جەمال فێرى ئامێرى (کەمانچە) بێت، لەسەر قسەکەى مامۆستا ولیەم ئامێرێکى کەمانچەیان بۆکڕیم و چوومە خانەى مامۆستایان، ماوەى (3) ساڵ وانەى کەمانچەم خوێند لەسەردەستى مامۆستا ولیەم کەمامۆستاى موزیکمان بوو وە شتێ فێربووم ) (4).
هونەرمەندجەمال شادان و تیپى مۆسیقاى خانەى مامۆستایان ...!
دەربارەى ئەو تیپە مۆسیقیە کە هونەرمەند جەمال شادان ئەندام بووە تیایدا ، هونەرمەند و مامۆستا (خالید سەرکار _1947 گڵەزەردە) لەیادەوەرییەکانیدا بەوشێوەیە بۆمان باس دەکات: ( دواى ڕۆیشتنى مامۆستا ولیەم یوحەنا وەک مامۆستاى موزیک، مامۆستا ( حازم حەداد) هات ، پێم وابێت لەشارى موسڵەوە هاتبوو کریستیان ( مەسیحى) بوو، ژەنیارێکى بەتواناى ئامێرى ( عود) بوو، ئەو بوو بە مامۆستامان و سەرپەرشتیکردنى ژوورى موزیک، هەندێک جاریش هونەرمەند( ئەنوەر قەرەداخى_ 1946 هەڵەبجە) کە ببوو بەمامۆستا ئەویش دەهات بۆلامان، دواتر بەسەرپەرشتى مامۆستا (حازم حەداد) تیپێکى مۆسیقاى ( خانەى مامۆستایان) پێکهێنرا کە پێکهاتبووین لەخۆم و هونەرمەندان( ئەنوەر قەرەداخى) ، (فرەنسیس داود_1946 سلێمانى) و ( جان تۆماس جانۆ_ 4/4/1947_ 6/7/2023) و ( جەمال شادان ) و ( محەمەدئەمین حسێن ئەحمەد_ 1944_26/10/2021) ، لەکۆتایی ساڵ بۆئاهەنگى دەرچوونمان چەندین سروود و گۆرانى و موزیکمان پێشکەشکرد، ئەو تیپە بوو بەهاندەرمان و کاریگەریی هەبوو لەسەرمان کەلە چالاکى قوتابخانەکان کۆدەبووینەوە و ڕاهێنانى بەردەواممان دەکرد) (5).
هونەرمەند جەمال شادان لەساڵى (1966) خانەى مامۆستایان تەواو دەکات و دادەمەزرێت دەبێتە مامۆستاى سروود و مۆسیقا لە قوتابخانەى( نالى و بابان) وانەى سروود و مۆسیقا بە قوتابیان دەڵێتەوە، دواى بەشداربوونى لەخولى فێربوون و بەرزکردنەوەى ئاست و تواناى ژەنینى ئامێرە موزیکیەکان لە چالاکى قوتابخانەکان، ئەو سەردەمە چالاکى قوتابخانەکان لەسەر شەقامى (پیرەمێرد) بووە لەخوار نەخۆشخانەى گەورە، ئەو هونەرمەندانە ڕۆژانە پرۆڤەیان کردووە، لەنێوان ساڵى (1966 بۆ 1967) بەهۆى ئەوەى بارەگاى چالاکى قوتابخانەکان نزیکى دەرگاى سەرەکى نەخۆشخانەى گەورەى سلێمانى بووە ، ڕۆژێک پزیشکێکى بەڕەگەز عەرەب بەناوى( کەریم ڕەکابى) پزیشکى نەخۆشخانەکە بووە ، گوێی لەدەنگى ئامێرەکانى موزیک دەبێت، دەچێتە لاى ئەو کۆمەڵە هونەرمەندە دڵسۆز‌و خەمخۆرە بۆ موزیک و ئاواز و گۆرانى کوردى و بەزمانى عەرەبى خۆى دەناسێنێ و پێشنیارێک دەخاتە بەردەم ئەو هونەرمەندانە: ( بەزمانى عەرەبى پێی ووتین بۆ ئاهەنگێک ناکەن بۆ ئەو نەخۆشانەى لاى ئێمە..! بیستنى ناوى کۆنسێرت یان ئاهەنگ ترساین، وتمان ئێمە تائەمڕۆ ئاهەنگمان نەکردووە، وتى : موزیکەکەتان زۆر خۆشە و نەخۆشەکان دەبوژێنێتەوەو ئارامییان پێ دەبەخشێت ، هەروەها وتى: خۆم سەرستەیجەکەتان بۆئامادە دەکەم و ئامێرى دەنگ و مایکرۆفۆنتان بۆ دەهێنم، ئەوەبوو بەدوو دڵى ڕ‌ازى بووین، ڕۆژى کۆنسێرتەکە هەموو ئەو خەڵکەى ناوحەوشەى نەخۆشخانەکە، نەخۆشەکان بوون ، (مەحمود سابونچى) گۆرانیبێژمان بوو گۆرانى ( ئەى خودالەو ئاگربارانە) ى ووت) (6).
هونەرمەند جەمال شادانیش یەکێک بووە لەو هونەرمەندانە بەشدارى ئەو ئاهەنگەى کردووە، جەمال شادان دەڵێت: ( بۆئاهەنگى نەخۆشەکانى نەخۆشخانەى گەورەى سلێمانى ئەو ڕۆژە من وەک گۆرانیبێژ بەشداربووم) (7).
لەوسەردەمەشدا هونەرمەندێکى خۆڕسکى باڵەبانژەن لەشارى سلێمانى ژیاوە مێژوویەکى جوانى تۆمارکردووە ئەویش هونەرمەند( حەسەنى حاجى قاسم، ناسراو بە مام حەسەنى نەى_ ؟؟؟_ 20/7/1973) هونەرمەند جەمال شادان زۆر بە توانا‌و لێهاتوویی و ژەنینى باڵەبانەکەى سەرسام دەبێت، دەربارەى هونەرمەند مام حەسەنى نەى و کڕینى ئامێرى باڵەبانەکەى پێی ڕاگەیاندم: ( سه‌ره‌تا ئه‌م كه‌سایه‌تییه كه‌هاتۆته شاری سلێمانی له‌ڕێی توانا هونه‌رییه‌كه‌یه‌وه خۆی به‌جه‌ماوه‌ر ناساند، له‌كاره‌كه‌یدا زۆر شاره‌زا و كارامه‌و بوو له‌ژه‌نینی باڵه‌بان و زوڕنا، بهزوڕناكهی شایی و زهماوهندهكانی خۆش و به‌جۆشتر ده‌كرد، به‌باڵه بانهكهشیی له‌كۆڕو مه‌جلیس و ئاهه‌نگی دیوه‌خانه‌كان ، چێژ و خۆشیی و شادی ده‌به‌خشی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (عه‌به‌ی سه‌یزاده_1900_6/10/1974) و وه‌لی كوڕی عه‌به‌ی سه‌یزاده، هه‌روه‌ها ئه‌م هونه‌رمه‌نده شاره‌زا بوو له‌دروستكردنی ئامێره‌كانی ( باڵه‌بان و زوڕنا ) له‌یادمه مام حه‌سه‌ن به‌ڕه‌حمه‌ت بێت باڵهبانێكی بۆ دروستكردم ئه‌و سه‌رده‌مه به(1) یه‌ك دینار لێم كڕی، مام حه‌سه‌ن هونه‌رمه‌ند بوو لێهاتوو له‌كاره‌كه‌یدا و خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی زۆر نه‌فس به‌رز بوو هه‌رچه‌نده هه‌ژار بوو..! )(8).
جەمال شادانى هونەرمەند و هونەر خۆشەویست، دواى ژەنینى ئامێرى جووتزەلە و کەمانچە، هەست و سۆزى کەمەندکێشى دەکات بەرەو ئامێرى( باڵەبان) و خۆى سەرقاڵى ژەنینى ئەو ئامێرە فوودارە باڵەبان دەکات:
( ئەوکاتەى خووم دایە باڵەبان ئەویش بەهاندانى خاڵە حەمەفەرەج و مامۆستا ولیەم یوحەنا توانیم برەو بە ئامێرى باڵەبان بدەم، بەڵام لەماڵەوە لەڕووم نەدەهات باڵەبان بژەنم لەوانەبوو باوکم یان کەس و کار نیگەران بن و پێیان ناخۆش بێت، ئەوەش بۆ مێژوو دەڵێم بۆیەکەمین جار لەمێژووى مۆسیقاى کوردی‌دا ئاوازى پارچە مۆسیقایەک لەدانانى مام حه‌سه‌نی نه‌ی و ئامادەکردنى مامۆستا ولیەم یوحەنا بەناوى( چەمى ڕێزان) لەتەلەفزیۆن تۆمارمان کرد باڵەبان ڕۆڵێکى زۆر چاکى تیابینى، ئەو وەختە سۆڵۆیان دابەباڵەبانەکە) (9).
بەمەبەستى زیاتر ئاشنا بوونى خوێنەر دەربارەى ئاوازى پارچە مۆسیقاى (چەمى ڕێزان) لەدانانى هونەرمەند مام حەسەنى نەی، بەپێویستم زانى ئەو زانیارییە بخەمە ڕوو:
پارچە مۆسیقاى( چه‌می ڕێزان) كه ڕه‌سه‌نایه‌تی و مۆركی كوردهواری لێده‌چۆڕێ، ئه‌وه‌نده به‌سۆزو به زه‌وقێكی هونه‌ری مام حەسەنى نەى ئەو ئاوازه‌ی ژه‌نیوه، كاریگه‌ری له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندانی موزیکژه‌ن داناوه‌و پێی سه‌رسام بوون، له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی پارچه مۆسیقای چه‌می ڕێزان، هونه‌رمه‌ند (قادر دیلان_ 1928_18/3/1999) به‌شێوازێكی هونه‌ری ئامادە و دابه‌شكردنێكی نوێی بۆده‌كاته‌وه، دواتر مامۆستا و هونه‌رمه‌ند( ئه‌نوه‌رقه‌رداخی) له‌ساڵی (1974) ئه‌وكاته له‌تیپی مۆسیقای شۆڕش دا خزمه‌ت به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی و هونه‌ری به‌رگری ده‌كه‌ن، بەدابهشكردنێكی نوێ وە سه‌رله‌نوێ تۆماری ده‌كه‌نه‌وه و ده‌ینێرن بۆ ڕادیۆی (ده‌نگی كوردستان) ، ماوه‌یه‌كی زۆرمۆسیقای( چه‌می ڕێزان) له‌كردنه‌وه و داخستنی په‌خشی ڕادیۆكه‌دا بۆته لۆگۆی ڕادیۆی شۆڕش، له‌وكاتانه‌ی تیپی مۆسیقای شۆڕش گه‌شتی هونه‌رییان به‌نێو ئۆردوگاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و شاره‌كانی ئێران دا ده‌كرد، له‌ده‌ستپێكدا ئه‌و پارچه موزیکە ببووە پێشەنگى ئاهه‌نگه‌كان ولەلایەن موزیکژەنانى تیپى مۆسیقاى شۆڕشەوە دهژێندرا.
جەمال شادان و تیپى مۆسیقاى سلێمانى ..!
به هه‌وڵی دڵسۆزانه و ماندوبوونى كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی لاوی به‌توانای ئەو سەردەمى شاری سلێمانی، به مه‌به‌ستی پاراستنی ڕه‌سه‌نایه‌تی و بوژاندنه‌وه و گه‌شه‌پێدانی هونه‌ری مۆسیقای كوردی، تیپی مۆسیقای سلێمانی لەڕێکەوتى (23/5/1967) داده‌مه‌زرێت، تیپی مۆسیقای ناوبراو مێژوویه‌كی لێوڕێژ له خه‌بات و تێكۆشانی هونه‌ری ڕه‌سه‌ن و هاوچه‌رخ، خه‌رمانێك له به‌خششی هونه‌ری پاك و تژى لهڕهسهنایهتی، ئه‌ویش به‌هه‌وڵ و ماندوبوونی دڵسۆزانه‌ی هونه‌رمه‌ندانی تیپه‌كه به‌گشتی،لەڕێکەوتى (2/4/1969) تیپى مۆسیقاى سلێمانى لەگەڵ هونەرمەندانى شانۆ یەکدەگرن ( تیپى نواندن و مۆسیقاى سلێمانى) دادەمەزرێنن، ئەو یەکگرتنە ماوەى ساڵێک دەخایەنێ و لەبەر تایبەتمەندى کارە هونەرییەکانیان جیادەبنەوە و هەریەک لە مۆسیقا و شانۆ بەردەوامى بەکارە هونەرییەکانیان دەدەن.
دوای ماوه‌ی شه‌ش ساڵ له كار‌و تێكۆشانی هونه‌ری بەردەوام، هونەرمەندان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی مۆڵه‌ت بۆ تیپی مۆسیقای سلێمانی وه‌ربگرن، به‌ڵێ هه‌وڵه‌كه‌یان سه‌رده‌گرێت و مۆڵه‌ته‌كه‌ش به‌ناوی ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌ڕێزانه‌وه ده‌بێت (ئه‌نوه‌ر عومه‌ر محه‌مه‌د قه‌ره‌داخی وه‌ك سه‌رۆكی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر، فه‌ره‌یدون سه‌عید جه‌عفه‌ر دارتاش، فه‌رید عیسا نەزەرسەرافیان، ولیه‌م یوحه‌نا خنانیشو، محه‌مه‌د ئه‌مین حسێن ئه‌حمه‌د).
حكومه‌تی عێراقی به نووسراوی( وزارة الاعلام _المؤسسة العامة للاذاعة والتلفزيون _قسمى السينما والمسرح _ العدد/ مسارح/ ١٠٢٩٧ التاریخ/ ٢٣/٥/١٩٧٣) له‌و مێژووه‌دا به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی مۆڵه‌تی كاركردنیان پێدەدرێت) ، نابێت ناوى ئەو ئەندامە سەرەکییانەى لەسەرەتاوە بوونە هەوێنى دروست بوونى ئەم تیپە لەبیربکرێن، ئەوانەى ڕۆڵى سەرەکییان هەبووە لەبەردەوامى تیپەکەدا، وەک بەڕێزان( خالید سەرکار ، فرەنسیس داود، حسێن عەلى، سەربەست محەمەد، جەمال شادان، مەحمودى دەفژەن و دواتر هونەرمەندى گۆرانیبێژ ( ئیبراهیم محەمەد 1931_3/5/2005) و ئەسعەد قەرەداخى و هەروەها گۆرانیبێژى تر‌ى دۆستى تیپ وەک ( حەمەجەزا ساڵەح ، تۆفیق عەلى و خەسرەو تۆفیق) (10).
هونەرمەند جەمال شادان جیالەوەى وەک دەستەى دامەزرێنەرى تیپى مۆسیقاى سلێمانى ، لەهەمانکاتیشدا دڵسۆزانە وەک ژەنیارى باڵەبان و گۆرانیبێژ بەشدارى چالاکییە هونەرییەکانى تیپى ناوبراوى کردووە: ( کاتێک تیپى مۆسیقاى سلێمانى دروست بوو من هەموو هەوڵێکم ئەوەبوو هونەرى کوردى پێش بخەین، بەباڵەبان، بەکەمان و بەگۆرانى، هەندێک جاریش عەریف حەفلەبووم و شیعریشم خوێندۆتەوەو هانى برادەرەکانم ئەدا هەرلەپێناو ئەوەى هونەرەکەمان پێشبکەوێت، من یەکێک بووم لەوانەى هەمیشە هەوڵم ئەدا گرووپەکەمان شکست نەهێنێ و زیاتر بەرەو سەرکەوتن بڕۆین) ( 11).
هونەرمەند بەهۆى کەسایەتیەکەیەوە خۆشەویست و زمان شیرین و میهرەبان بووە لە نێو هاوڕێ هونەرمەندەکانى، جەمال شادان ئەو ئەستێرەگەش ودرەوشاوەیە لەبۆنە و یادەکان ڕۆڵى سەرەکى بینیوە لەیەکێک لەیادەوەرییەکانیدا پێمان دەڵێت: ( بۆیەکەم جار لەساڵى (1970) چوومەتە سەرشانۆ، لە سەرەتاى ساڵى حەفتاکان وەک تیپى مۆسیقاى سلێمانى چووین بۆ بەغدا، ئەوکاتە یادى بەخێر ( ساڵح یوسفى_ 1918_25/6/1981)لەبەغدا بوو، بەبۆنەى جەژنى نەورۆزەوە ئاهەنگ بگێڕین، ئێمەش دەستمان کرد بە ئاهەنگێڕان و خەڵکێکى زۆر ئامادەبوون، لەناو خەڵکەکەوە وتیان گۆرانى سلێمانى تا پێ نییە؟ من بووم بەگۆرانیبێژ و گۆرانى:
( دەمەگرى مەگرى دییەکەم چاوەکەت جوانە
هەرچەند تۆ دەگرى ماڵم وێرانە )
کاتێک ئەو گۆرانیەم ووت لەخوارەوە لەناو ئامادەبووان بووبەچەپڵە ڕێزان) (12).
یه‌كێك له‌و چالاكییانەى كهبهسەردەمی زێرینی هونەری کوردی ناوده‌برێت، و تیپه مۆسیقیه‌كانی كوردستان ئه‌و ڕاستییه‌یان سه‌لماند کە كورد خاوەنی مێژوو و هونەرێكی باڵایه، ئه‌ویش ( میهره‌جانی یه‌كه‌می هونه‌ری كوردی) یه، له‌سه‌ره‌تای ساڵی (1974) میهرهجانێكی گه‌وره بۆ ماوه‌ی (5) ڕۆژ، له‌ڕێكه‌وتی (25/2 تا 2/3/1974 ) له هۆڵی (خولد) له شاری بهغداسازكرا، زۆربه‌ی زۆری تیپه مۆسیقیه‌كانی كوردستان تێیدا به‌شدار بوون، چالاكییه هونه‌رییه‌كانی فیستڤاڵ بریتی بووه له(گۆرانی و مۆسیقا و شانۆ و وێژه و شیعر و ئۆپه‌رێت).
هونه‌رمه‌ند جەمال شادان یه‌كێك بووه له‌هونه‌رمه‌نده به‌شداربووه‌كانی میهره‌جانی یه‌كه‌می هونه‌ری كوردی له‌به‌غدا، تیپی مۆسیقای سلێمانی پله‌ی( ئیمتیاز) ى فیستڤاڵ به‌ده‌ست دێنێت.
دوای سه‌رنه‌كه‌وتنی گفتوگۆی نێوان سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئهیلوول و ڕژێمی ئه‌وكاتی عێراق( حیزبی به‌عس) ، له‌ته‌واوی كوردستان شۆڕش ده‌ست پێده‌كاته‌وه، هونه‌رمه‌ندانی كوردستان به‌گشتی بۆ پشتگیری له‌شۆڕشى ڕه‌وای گه‌له‌كه‌یان بڕیارده‌ده‌ن، له به‌ره‌ی گه‌له چهوساوهكهیاندابن و به‌هونه‌ر پشتگیری له‌شۆڕش و هونه‌ری به‌رگری پته‌وتر بكه‌ن ، هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌و هونه‌رمه‌ندانی شاری هه‌ولێر و كه‌ركوك و دهۆك، له‌شاخ تیپێكی مۆسیقا و شانۆ دروست ده‌كه‌ن و نێوى ده‌نێن (تیپی مۆسیقا و شانۆی شۆڕش ) ( 1974 _19/3/1975) جەمال شادانى پێشمەرگەو هونەرمەند یەکێک بووە لەئەندامانى تیپى ناوبراو.
دواى نسکۆى ساڵى (1975) هونەرمەند و مامۆستا جەمال شادان دەگەڕێتەوە سەر پیشەى مامۆستایەتیەکەى ، دواى ماوەیەک دەبێتە سەرپەرشتیارى پەروەردەیی و سەرپەرشتیارى بەشى مۆسیقا لەبەڕێوەبەرایەتى چالاکى قوتابخانەکان، دڵسۆزانە ئەرکەکەى بەجێ دەگەیەنێ و جێ پەنجەى دیار و ڕۆشنە لەو بوارەشدا، درێژە بەو کارەى دەدات تا خانەنشین دەبێت.
دواى نیوسەدە خەبات وتێکۆشانى هونەریی لەنێو تیپى مۆسیقاى سلێمانى دا، جەمال شادان یەکێک بووە لە ستوونە پتەو و سەرەکییەکانى تیپى ناوبراو ، هونەرمەند لەدواى ڕاپەڕینى بەهارى ساڵى (1991) وە ، وەک کەسێکى پاک و دڵسۆز و متمانە پێکراو ئەرکەکەى قورس‌تر دەبێت و بەرپرسیارێتى بەشى ژمێریارى پێدەسپێردرێت، واتە هەموو سامانى دارایی تیپى مۆسیقاى سلێمانى لەئەستۆدا دەبێت.
هونەرمەند و مامۆستا جەمال شادان، لەساڵى (1977) لەگەڵ خاتوو ( ئەمیرە حەسەن مەعروف) ژیانى هاوبەشى پێکدێنێ و بەروبوومى ئەو هاوسەرگیرییە پەروەردگار دوو کوڕ‌و کچێکان پێ دەبەخشێت بەناوەکانى ( میران ، ڕێژەن و کانى)، هەردوو کوڕەکەى بوونەتە ڕێبوارێکى بەئەمەکى ڕێگا پیرۆزەکەى هونەرى مۆسیقا و گۆرانى و هەردووکیان ژەنیارى ئامێرى موزیکن.
هەرچەندە ئێستا تەمەنى هەڵکشاوە و خانەنشین بووە، بەڵام ئەو سیما جوان و پڕخەندەیەى هەروەک جارانە و دڵ و بیر و هۆشیی هەر لەلاى هونەرى ئاواز و موزیک و گۆرانییە، لەهەرکۆڕو کۆبوونەوەیەکدا بوونى هەبێت بەقسە خۆشەکانى بۆتە گوڵى مەجلیس و ئارامیی و دڵگەشیی و خەندە دەبەخشێتە دەوربەرەکەى ، هیواى تەندروست باشیی و تەمەندارى بۆدەخوازم .
جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک) .
سەرچاوە:
(1)کەناڵى خاک تیڤى،ڕێکەوتى (13/4/2024).
(2 و 3 و 4 و 7 و 9 و 11 و 12 )هونەرمەند جەمال شادان، بەرنامەى چراکان ، لەئامادەوپێشکەشکردنى ( ئەمیر عومەر ) کەناڵى ئاسمانى زاگرۆس ساڵى 2006.
(5 و 6 ) کتێبى ژیان و بەرهەمەکانى هونەرمەند خالید سەرکار ، ئامادەکردنى (شانیا ئاسۆ ئەحمەد) 2021.
(8) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی نووسەر لەگەڵ هونەرمەند جەمال شادان له‌ڕێكه‌وتی (22/4/2022) ( هەولێر _سلێمانى).
(10) هوشیار ئەحمەد ( وشە بابە) ڕووەو هونەرێکى ڕەسەن و هاوچەرخ، ئامادەکردنى( مەریوان مەسعود و ژینۆ عەبدوڵڵا) یۆبیڵى زێڕ‌ینى تیپى مۆسیقاى سلێمانى. لاپەڕە (29).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.