Erbil 31°C سێشەممە 18 ئاب 22:22

ئیسماعیل خانى مەسقەتى (1922_20/3/2008)

کوردستان TV
100%

ئەو هونەرمەندەى نازناوى (شیرین پەنجە) ى پێبەخشراوە...!

ڕادیۆ کوردییەکان(  یەریڤان، بەغداد، تاران، کرماشان،  مەهاباد و ...تاد) هەمیشە بوونەتە هەوێنى بەخشینى زانیاریی و ئارامیی و شادى بەڕۆح و جەستەى گوێگرەکانى لەڕێی بەرنامەکانیانەوە،  هەریەک لەو ڕادیۆ کوردییانەى ئاماژەم پێداون مێژوویەکى پڕ سەروەرییان تۆمارکردووە، ڕادیۆى کرماشان یەکێکە لەو ڕادیۆیانە لەڕێی بەرنامەکانى (هەوارگەى دڵان، گوڵزارى ئەدەب، چیرۆکى شەو، ئاڵەکۆک، کاروانى هەڵبەست و گۆرانى، ئێمە و گوێگرەکان و گۆرانى داواکراو ) کاریگەرییەکى زۆرى لەنێو هەست و یادەوەرى گوێگرەکانى داناوە.

لەڕێى ڕادیۆ کرماشانەوە دەنگ و هونەرى جوانى زۆر لەهونەرمەندانى دەنگخۆشى نەتەوەکەمان پەخش دەکرا و گوێگرانیان زیاتر هۆگرى ڕادیۆى ناوبراو دەکرد، یەکێک لەو گۆرانیانە، گۆرانى ( پەپوو سڵێمانى) بەدەنگى هونەرمەند ( ئیسماعیل خانى مەسقەتى) بوو، ئەو گۆرانییە نەک لەڕۆژهەڵات بەڵکو لەباشوورى کوردستانیش لەنێو هەوادارانى هونەرى موزیک و گۆرانى کوردی دا جێی خۆى گرت و خەڵک بەدەنگ و میلۆدییەکەى سەرسام بوون. 
  
هونەرمەند ئیسماعیل خانى مەسقەتى، گۆرانیبێژ ، ژەنیار و ئاواز دانەر ....!

ئیسماعیل محەمەد ئیبراهیم مستەفا خان، ناسراو بە (ئیسماعیل خانى مەسقەتى) لەساڵى (1922) لە شارى ( کرماشان) ى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەدایکبووە.

ئیسماعیل خان  لەناو خانەوادەو بنەماڵەیەکى هونەرپەروەر و هونەردۆست دا نەش و نما دەکات و ڕۆحى بەمۆسیقائاشنا دەبێت.

تەمەنى دەگاتە (12) بەهار، دەست و پل و پەنجەکانى لەگەڵ ئامێرى ( زەڕب) ئاشنا دەبێت و خۆى بەژەنینى ئەو ئامێرە سەرقاڵ دەکات، لە ساڵى (1940) ئیسماعیل خان تەمەنى بۆتە (18) ساڵ خولیا و ئارەزووى هونەرى دەگوازێتەوە بۆ سەر ئامێرى (تار) ، لەو سەردەمەدا هەردووهونەرمەندى ژەنیارى ئامێرى تار ( مورتەزا نەیداود و یەحیا زرینچە) لە شارى کرماشان دا بوون، ئیسماعیل خانیش بۆ مەبەستى  وەرگرتنى زانیارى زیاتر لەسەر ئامێرى (تار) دەبێتە قوتابی ئەو دوو هونەرمەندە و لە فێرگەکەى ئەوانەوە  زانیارى  وەردەگرێ و دەست و پل و پەنجەکانى لەگەڵ ئەو ئامێرە ژێدارەدا ئاوێتەى یەکترى دەبن.

قاڵبوونەوە لەگەڵ ئارەزووەکەى وخۆشەویستى بۆ ئامێرى تارەکەى، ئیسماعیل خانى مەسقەتى  ڕوودەکاتە شارى ( تاران) و دەچێتە لاى  هونەرمەندى بەتواناى ئەو سەردەمە ( ئەبولحەسەنى سەبا) تا زیاتر فێرببێ و سوود لەڕێنمایی و دەست و پەنجەى ئەوهونەرمەندە وەربگرێ، لەوماوەى کەلەتاران بووە ، لەلایەنى  هونەرمەند ئەبولحەسەنى سەبا هاوکارى دەکرێت  بەنووسین  و نۆتەکردنى ئەو گۆرانییە کوردییانەى ئیسماعیل خان پێیداوە.
 
دواى کردنەوەى ڕادیۆى کرماشان لە ساڵى (1960) ، دامەزراندنى گرووپێکى موزیک  لەناو ڕادیۆ، هونەرمەند ئیسماعیل خانى مەسقەتى بەخۆیی و ئامێرە خۆشەویستەکەیەوە دەگەڕێتەوە زێدەکەى خۆى  شارى کرماشان و پەیوەندى دەکات بە ئۆرکێستراى ڕادیۆى کرماشان ، ئۆرکێستراى ناوبراو لەو هونەرمەندانە پێکهاتووە ( محەمەد عەبدولسەمەدى، خەڵکى شارى سنە _ کلارنێت) ،( ئەکبەر ئیزەدى ، خەڵکى کرماشان_سەنتوور) ،( مەحموود بلوورى، ئەم هونەرمەندە نابینا و کورد نەبووە  لەبنەڕەتدا ئازەرى بووە_عود) ، ( مەحموود میرئاتى ، خەڵکى کرماشان_ ڤیۆلۆن) ،( موجتەباى میرزادە، خەڵکى کرماشان _ فیۆلۆن) ، (ئیستیواردەروێشیان_تار) ،( بەهمەن پولەکى ، خەڵکى کرماشان _زەڕب) و(مەسعود زەنگەنە _ ناى)  ، ئیسماعیل خانى مەسقەتى  بەخۆیی ئامێرى تارەکەیەوە دەبێتە ئەندامى ئەو ئۆرکێسترایە ، کەچەندین شاکارى ئاواز و گۆرانى بۆ هونەرمەندان  ( حەسەن زیرەک ، موڕتەزا توندڕەو، ئیسماعیل پیرخدرى ، حیشمەتوڵڵاى لوڕنەژاد و زۆرى دیکە.....تاد) تۆمارکردووە.

هونەرمەند ئیسماعیل خانى مەسقەتى  خۆى وەک ژەنیارى ئۆرکێستراى ڕادیۆى کرماشان لەدەستپێکى کردنەوە و پەخشى ڕادیۆى ناوبراو  تا دووساڵ دواى ڕاپەڕینى گەلانى ئێران لەساڵى (1979) وەک ژەنیار و  هونەرمەندێکى گۆرانیبێژ  کارى کردووە و چەندین بەرهەمى گۆرانى  بەدەنگى خۆى تۆمارکردووە، بەڵام بەداخەوە  دواتر لەلایەن کۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە  گۆرانى و موزیک قەدەغە دەکرێت ، ئیسماعیل خانى مەسقەتى وەک هونەرمەندانى ئێران و  ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەڕادیۆ و کارى هونەریی دووردەکەوێتەوە، دواى ماوەیەک بەمەبەستى دابینکردنى بژێوى ژیانى لەیەکێک لەچێشتخانەکانى شارى کرماشان لەڕێی ئامێرە دڵنشینەکەیەوە تار بۆ ئامادەبوانى چێشتخانەکە دەژەنێت.

هونەرمەند لەڕێی دەنگ و گۆرانییەکانیەوە  بەزاراوەى کرماشانى و ژەنینى بەسۆزى ئامێرى  تارەکەى، بەڵام هونەرمەند جیا لەشارەزایی و ژەنینى ئامێرى تار ، شارەزایی و ئاشنایی لەتەک ئامێرەکانى دیکەى موزیک دا هەبووە  وەک ( عود ، ڤیۆلۆن ، سێ تار ، دەف و دایرە) لەبەرئەو خەسڵەتە جوانانەیە  لەنێو خەڵکدا خۆشەویست و ڕێز بۆ هونەرەکەى دانراوە، لەپاى ئەو هەموو دڵسۆزیی و خۆشەویستى بۆهونەر و ژەنینى ئامێرى تار نازناوى ( شیرین پەنجە) ى پێدەبەخشن.

چەند دانەیەک لە وگۆرانى و میلۆدییانەى  هونەرمەند ئیسماعل خانى مەسقەتى کەلەنێو جەماوەردا ناسراوون و بوونەتە یادەوەریی( مینا مینا، لەیلى لەیلى، شۆڕە ژن ، جا قەراربگرى باوانم ، سەوزە، گوڵ وەنەوشە و تاتى مارگەستم  و دەردى دوورى )  ئەم گۆرانیانەشى  بەشێوەى دوو قۆڵى لەگەڵ هونەرمەندان خوێندووە  وەک : پەپوسڵێمانى  لەگەڵ خانمە هونەرمەند ( پەروش جەدید ئیسلام) و گۆرانى ( ئامان هەى ئامان  لەگەل هونەرمەند ( حیشمەت لوڕنەژاد ) .

بۆزانیارى زیاتر  گۆرانى ( تاتى مارگەستم هونەرمەند ناسرى ڕەزازى  لەبەرنامەیەکى ڕاستەوخۆى کەناڵى ئاسمانى مەد تیڤى لەساڵى (1996) دووپاتى کردەوە بەئەداو شێوازى خۆى، هەروەها گۆرانى گوڵ وەنەوشە لەئەلبوومى کرماشان لەساڵى (2000) ئەو گۆرانیەش دەنگ و سەدایەکى زۆرى دایەوە لەنێو جەماوەردا) .

هونەرمەند ئیسماعیل خانى مەسقەتى لەدەستپێکى کارى  هونەرییەوە جیا لەژەنین و گۆرانی خوێندن  ئارەزووى ئاواز دانانى هەبووە  و ئاوازى بۆ بەرهەمەکانى خۆى داناوە و  ئاوازى داوە بەهونەرمەندە هاوڕێکانى لەڕادیۆى کرماشان، یەکێک لەو ئاوازە خۆش و دڵنشینە  ئاوازى گۆرانى ( مەیخانەچى) یە لە هۆنراوەى ( شەیداکرماشانى)  کەبەدەنگى هونەرمەند حیشمەت لوڕنەژاد خوێندراوە.

دواى ئەوەى موزیک و گۆرانى لەڕۆژهەڵاتى کوردستان  و ئێران ئازاد دەبێت ، لەمانگى (5) ى ساڵى (2002) بەهاوکارى کۆمەڵێک هونەرمەندى ژەنیار لەبەردەم  شوێنەوارە مێژوویی و گرنگەکەى (تاقوەستان) بۆ هونەرمەند ئیسماعیل خانى مەسقەتى سازدەکەن.
 
لەلایەن کەناڵى ئاسمانى  مەدتیڤى یەوە بانگهێشت دەکرێت  و هونەرمەند لەو بەرنامەیە  چەند بەرهەمێک  تۆماردەکات  و وەک ئەرشیف لەکەناڵى ناوبراو ماوە .
ئیسماعیل خانى مەسقەتى لەتەمەنى (81) ساڵیدا لەمانگى (6ى 2003) لەلایەن  هاوڕێ هونەرمەندەکانیەوە مەراسیمى ڕێزلێنانى بۆسازدەکەن لەبارەتەقاى ئەو مێژووە هونەرییە جوانەى لەژەنین و ژڕینى گۆرانیى و ئاوازدا ، لەمەراسیمەکەدا چەپکە گوڵى سۆزو وەفادارى  دەکەنە گەردەنى ، هونەرمەندانى بەشداربووى ئەو مەراسیمە  کە مێژوویەکى جوانى هونەرییان پێکەوە بەخشیوە بەنەتەوەکەیان بریتیتن لە : ( فەرەیدون حافزى ، مەسعود حەبیبى ، بەهمەنى پولەکى ، ئەکبەر ئیزەدى ، موجتەباى میرزادە ، جەمشید عەزیز خانى  و ئارەشى سەمیمى) .

 بەداخەوە هەڵکشانى تەمەن دەبێتە لەمپەر لەبەردەم گەروو و دەست پەنجەکانى  بۆ چرینى گۆرانى و ژەنینى ئامێرەکەى ،  هونەرمەند ئیسماعیلى مەسقەتى لەتەمەنى (86) ساڵیدا  لەگەڵ بڵیسەى ئاگرى جەژنى نەتەوەیی نەورۆز لەڕێکەوتى ( 20/3/2008) خۆرى تەمەنى ئاوا دەبێت و بۆهەمیشە چاوەکانى لێکدەنێ و ماڵئاوایی لە هونەرى  موزیک و ئاواز و گۆرانى کوردى و شارە ئازیزەکەى کرماشان دەکات ، تەرمى هونەرمەند لە گۆڕستانى ( باخى فیردەوسى) شارى کرماشان بەخاک سپێردراوە، دروود و سڵاو بۆمێژووى هونەرى جوانى  و یادى هەردەم بەرزو پڕشکۆبێت.

جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک) 28/1/2026 سلێمانى 

سەرچاوە:
*سایتى ویکپیدیا .
* نووسین و بەدواداچوونى نووسەر (جەمالى دەلاک).
 

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.