Erbil 31°C دووشەممە 17 ئاب 16:12

هونەرمەند نارین فەقێ 

کوردستان TV
100%

خاوەن دەنگێکى خۆش و سەنگین و دڵنشین ...!

_ هەمیشە هەوڵم داوە کارى باش پێشکەشى هونەرى کوردى بکەم .

لەبوارى هونەرى ستران و گۆرانیدا خاوەنى دەنگ و هونەرى چەند دەنگێکى بەسۆزو کاریگەرى ئافرەت و ژنى کوردین، لەسەرەتاى سەدەى پێشووە وە ئەو خانمە دەنگبێژ و ستران و لاوک چڕانە هەریەک بەئەندازەى خۆى دووچارى هەوراز و نشێو بوونەتەوە و بوێرانە  و ڕچە شکێن لەبوارەکەدا خزمەتى هونەرى موزیک و گۆرانى نەتەوەکەیان کردووە، خۆش بەختانە ئێستا لەهەموو بەشەکانى کوردستان و دەرەوەى کوردستان دەنگ و هونەرى چەند خانمێکى دەنگخۆش هەن خزمەت بە هونەرى کوردى دەکەن.

خانمە هونەرمەند (نارین فەقێ) یەکێکە لەو دەنگە ناسک و خۆش و پڕسۆزە کە ماوەى چارەکە سەدەیەکە لەڕێی دەنگە جوانەکەیەوە  بۆتە ڕێبوارێکى بەئەمەک و وەفادار بۆ هونەرى ئاواز و ستران و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانى گەلەکەى.

خانمە هونەرمەند نارین فەقێ ...! 

 ئەم خانمە دەنگخۆش و دەنگبێژە لەبنەماڵەیەکى هونەرییەوە هەنگاوى بۆ نێو دنیا جوانەکەىتژى لەستران و لاوکى کوردى هەڵگرتووە، بەهۆى سیاسەتى پاکتاوى ڕەگەزى تورکیا بەرامبەر بە گەلى کورد لە سەدەى پێشوو، بنەماڵەى نارین فەقێ لەسەرەتاى ساڵى (1940) باپیرەى لە ( جزیر و بۆتان) ى باکوورى کوردستانەوە کۆچ دەکەن و لەڕۆژئاواى کوردستان دەگیرسێنەوە و سەرلەنوێ درێژە بەژیانى خۆیان دەدەن.

نارین فەقێ ( نارین جودى ئەحمەد فەقێ) ئەو خانمە دەنگخۆشە لەڕێکەوتى ( 11/1/1980) لە شارۆچکەى( دێرکا حەمکۆ) ى نزیک بە باژێڕى ( قامیشلۆ) لەناو خانەوادەیەکى هونەریی چاوى بەڕۆشنایی ژیان هەڵهێناوە.

نارین یەکەم منداڵى خانەوادەکەیەتى و دووبراى لەخۆى بچووکترى هەیە.

نارین قۆناغى خوێندنى سەرەتایی لەشارۆچکەکەى خۆى تەواو کردووە، هەمیشە لەنێو لاوک و سترانە خۆش و هەست بزوێنەکانى دەڤەرەکەیی  و باپیرى و باوکى دەنگى گەورە هونەرمەندانى نەتەوەکەى گەشەى کردووە و هەست و ڕۆحى ئاوێتەى لاوک و ستران بووە.

(جوودى) باوکى یەکێک بووە لە دەنگخۆشەکان و ڕێچکەى ( ئەحمەد فەقێ) ى باوکى گرتۆتە بەر و لەسەر سۆزو ئاوازى لاوک و سترانە کوردییەکان گەورە بووە ، جوودى باوکى نارین فەقێ دەربارەى ماڵباتەکەیان دەڵێت ( هونەر لەنێو ماڵباتى ئێمەدا زۆر دەوڵەمەندە، باوکى ڕەحمەتیم ( ئەحمەدى فەقێ) هونەرمەندێکى گەلێک دەنگخۆش و هاوڕێی هونەرمەندان ( محەمەد عارف جزیرى 1912_17/12/1986) و (حەسەنى جزیرى 1917_9/7/1983)  بووە ،(خوالێیان خۆش بێت) ، ئێمە لەناو هونەردا گەورەبووین و هەستێکى زۆرم هەیەبۆ هونەرى دەنگبێژى، هەمیشە حەزم کردووە بەدەنگێکى خۆش و کوردییەکى ڕەسەن ستران بخوێنم )(1).

 ئەو هونەرە بەرزەى لەناو ماڵباتەکەیدا سینە بەسینە گواستراوەتەوە و هەمیشە لاوک و سترانە ڕەسەنەکان بەدەنگى هونەرمەندە نەمرەکان و  هونەرمەند جوودى باوکى هەموو گۆشە و قوژبنێکى ماڵەکەى پڕ کردووە ، کاریگەرى لەسەر هەست ونەستى نارینى منداڵ داناوە، بەردەوام گوێچکە و هەست و بیرى بەو سترانە خۆش و لاوکە سەرنج ڕاکێشانە گۆشکراوە و تەمەنى باڵاى کردووە.

دەرکەوتن و چرۆکردنى هەستى هونەریی لەناخى نارین فەقێ دا ...! 

منداڵێکى تەمەن شەش ساڵ و حەوت ساڵ بەردەوام لەماڵەوە گوێبیستى دەنگى بەسۆزى هونەرمەندان و لاوک و سترانى ڕەسەنى کوردى بێت و ئەو کەشە هونەرییە پڕ لەمۆسیقایە هەموو گۆشەو ژوورى ماڵەکەیاندا هەبووە ، بێگومان کاریگەرى لەسەر ڕۆحیەت و جوڵاندنى هەستى هونەرى ئەو منداڵە دادەنێت ، بۆیەکەم جار لەتەمەنى حەوت ساڵیدا ئەو بەهرە هونەرییە  لەلایەن جوودى باوکیەوە لەجگەرگۆشەکەیدا بەدى دەکات ( نارین تەمەنى (7) ساڵ بوو ، ڕۆژێک لەسەر کار گەڕامەوە ماڵ ، نارین لەچێشتخانە هاوکارى دایکى دەکرد، گوێم لەدەنگێکى خۆش و بەسۆز بوو، لەوتەمەنەدا گۆرانییەکى زۆر گرانى ( ئوم کەلسوم) ى دەگووت، بەڵام زۆر باشى دەگووت و زۆر دەنگى خۆش بوو..! کە گۆرانییەکەى تەواو کرد، پێم ووت لەئیمڕۆ وە تۆ دەبێ ببییە دەنگبێژ و بەردەوام بە، هەرچەندە خۆیی زیرەک و بەتوانابوو، لەو ڕۆژەوە وەک دەنگخۆشێکى دیکەى ماڵباتەکەمان لەناو کارى هونەریدا بەردەوامە) (2). 

(جوودى) یەکێک بووە لەدەنگخۆش و سترانبێژە بەناو بانگەکانى ناوچەکەیی و ماڵباتەکەی و لەنێو خەڵکیدا دەنگخۆشێکى ناسراو بووە ، بەهۆى دەنگخۆشیی و هەستى نەتەوەیی یەوە وەک کوردێکى ستەم لێکراو لەلایەن دەسەڵاتى حکومەتى سوورییەوە نەیتوانیوە لەزێدەکەى خۆى درێژە بەکارى مامۆستایەتیەکەى ( مامۆستاى  وانەى جوگرافیا ومێژوو) بدات، لەساڵى (1988)  بمەبەستى ڕزگاکردنى ژیانى خۆى ڕۆژئاواى کوردستان بەجێ دێڵێ و ڕوودەکاتە وڵاتى ( سوید) ، نارین لەو تەمەنە منداڵییەدا لەسۆزى باوک و ئەو پشتیوانییەى گەورەیە بێ بەش دەبێت.

نارین و خۆشەویستى بۆ ناسنامەى نەتەوەکەى و قەدەغە کردنى زمانى شیرینى کوردى لە قوتابخانەوە  سەرچاوەى گرتووە، چونکە لەقوتابخانە ئاخاوتن بەزمانى دایکى لێ قەدەغە کراوە، تەنانەت لەلایەن مامۆستاکەیەوە  لێیدەدرێت لەبەرئەوەى کەلەقوتابخانە بەزمانى شیرینى کوردى قسەى کردووە، ئەو ئازارە جەستەیی و ڕۆحییە زیاتر نارین هان دەدات لەکاتى پشووەکان و لەکۆڵان و لەماڵەوە بەردەوام بەزمانى کوردى  قسەى کردووە، هەرگیز ئەو ڕێنماییە بەنرخەى داپیرەى لەیاد ناچێت، لەجەژنى نەورۆزى ساڵى (1986) و سەرى ساڵى نوێی کوردییەوە لە ( عەین دیوار) داپیرەى بەگوێیدا چرپاندووە( نارین ئێمە کوردین ، شانازى بەناسنامەکەمانەوە دەکەین ، لەبیرت نەچێت) (3).

هەڵس و کەوتى مامۆستا شۆڤێنییەکانى قوتابخانەکەیی و ئەو وتە بەنرخەى داپیرەى کاریگەرى قوڵى لەسەر ڕۆحى نارین داناوە و بەڵێن دەدات لەڕێگاى هونەرەوە بەردەوام لەخزمەتى نەتەوە و زمان و هونەرى ڕەسەنى گەلەکەیدا بێت.

دواى بێ بەش بوون لەسۆزى جوودى باوکى ، نارین  لەگەڵ دایکى و دووبراکەى لەساڵى (1990) ڕۆژئاواى کوردستان بەجێ دێڵن و کۆچ دەکەن، لەوڵاتى سوید دەبنە پەنابەر و بەدیدارى باوکى شاد دەبێتەوە.

نارین فەقێ و دەرکەوتنى وەک خانمە گۆرانیبێژێکى دەنگخۆش ...!

هەرچەندە  نارین لەتەمەنى (7) ساڵیەوە خۆشەویستى بۆ ستران و مۆسیقا هەبووە و حەزوو ئارەزووى خوێندنى گۆرانى هەبووە، بەڵام لەساڵى (1990) دەگاتە سوید سەرەتا درێژە بەخوێندن دەدات، قۆناغى ناوەندى و ئامادەیی تەواو دەکات، لەساڵى (2008) بڕوانامەى ( ماستەر) لەزانستە کۆمەڵایەتییەکان و پسپۆڕى لەیاساى گشتى نێودەوڵەتى بەدەست دێنێ و دواتر لە دەستەى کۆچبەرى وڵاتى سوید ڕۆژانە (8) کاتژمێر کاردەکات.

لەسەرەتاى ساڵى (2000) بەپشتیوانى و هاوکارى (جوودى) باوکى دەست بەکارى هونەریی دەکات ، لەگەڵ باوکى پێکەوە یەکەم بەرهەمى خۆى تۆماردەکات بەناوى ( دلبەرێ) لەتێکستى ( شێخ مەمدووح بریفکانى) و ئاوازى ( زاهید بریفکانى)، ئەو گۆرانییە دەبێتە دەستپێکى کارى هونەریی نارین فەقێ، دواى ئەوەى سەرکەوتن بەدەست دێنێ و لەڕێی ئەو گۆرانییەوە دەناسرێت، دەست دەکات بەخوێندنى موزیک لەسەر ئامێرى ( پیانۆ) .

لەستۆکهۆڵمى پایتەختى سوید لەساڵى (2003) پێشبڕکێیەک بۆ دەنگبێژان و بەهرەمەندان لەگۆرانى کوردیدا سازدەکرێت، لیژنەى دادوەرانى فیستڤاڵى ناوبراو بریتى بوون لەهونەرمەندان( شڤان پەروەر ، دلشاد محەمەد سەعید و لەیلاى فەریقى) ، نارین فەقێى دەنگخۆش و بەهرەمەند بەشدارى ئەو پێشبڕکێیە دەکات  و لەلایەن لیژنەى دادوەرەوە نارین فەقێ وەک براوەى فیستڤاڵەکە دەست نیشان دەکەن ، ئەوەش سەرکەوتنێکى گەورە و پشتگیرییەکەى مەزن دەبێت بۆ نارین تا بەردەوام بێت لەخزمەتکردن بەهونەرى ئاواز و مۆسیقا و گۆرانى کوردى.

نارین فەقێ هەرلەتەمەنى منداڵییەوە حەزى لەقوتابخانەو خوێندن و زانست بووە، بەکرداریش هەوڵى لەوپێناوە داوە تا گەیشتەئەو ئاستەى بڕوانامەى ماستەر بەدەستبێنێ، بەڵام کاتێک لەئەوروپا زیاتر هەنگاوى بۆ نێو دنیاى هونەرى گۆرانى خوێندن هەڵگرت، خوێندن و هونەرەکەى پێکەوە گرێدا و هەنگاوى زیاتر بەرەو سەرکەوتن دەنێت، هەمیشە خولیا و ئارەزووى بووە هونەرێکى پێشکەوتوو  و سەرنج ڕاکێش و لەگەڵ ژیان و گوزەرانى ڕاستەقینەى گەلەکەى بگونجێت ( من هیچ کات هونەر بۆ زەوق و ئارەزووى خۆم ناکەم ، بەڵکو هونەر بەکارێکى جیدى و پیرۆز دەزانم  و دەمەوێت ڕاستگۆیانە کار لەهونەردا بکەم ، من لەکوردستان لەدایکبووم و پەروەردەى کوردانەم لەگەڵ خۆمدا هێناوەتە ئەوروپا، زۆر حەزم لەهونەرە و حەزم لەموزیکى کوردى یە ، هەموو ساڵێک بەرهەمێکى هونەرى جوان ، لەڕێى تێکستى گونجاو و میلۆدییەکى خۆشەوە کار بۆنەهێشتنى ستەم لە زمان  و ئازادى نەتەوەکەم ، خۆشەویستى خاک و بەدەستهێنانى مافى ژن پێشکەش بەگوێگر و هەوادارەکانم بڵاو بکەمەوە)(4).

خانمە هونەرمەند نارین فەقێ  لەماوەى چارەکەسەدەیەک زیاتر خزمەتکردن بە هونەرى موزیک و سترانى کوردى ، لەو ماوەیەدا زیاتر لە (40) بەرهەمى ناوازەو جوانى پێشکەش کردووە و هەندێک لە گۆرانییەکانیى بەشێوەیەکى سەرنج ڕاکێش و سەنگین کلیپ کردووە و لەڕێگاى کەناڵەکان و یووتوبەوە کەوتۆتە بەرچاوى هەوادارەکانى . 

پێشکەوتن و زیاتر ناساندنى دەنگ و هونەرەکەى  نارین فەقێ لەنێو خەڵکیدا، جیا لەدەنگخۆشیی و جوان خوێندن و باشتر ئەداکردنى میلۆدییەکانى و هەڵبژاردنى تێکستى بەرزى شاعیران و ناسکى میلۆدیی گۆرانییەکانى ئەوانە بەشێکن لە توانا و لێهاتوویی  نارین فەقێ ، لەپاڵ ئەو سەرکەوتن و پێشکەوتنانەى  نابێت ڕۆڵى هونەرمەند ( جوودى) باوکى فەرامۆش بکەین ، چونکە بەردەوام هاوکار و پیشتیوانى کچە دەنگخۆشەکەى بووە( وەک خۆم خاوەنى ئەو هەستەم هەمیشە حەزدەکەم خزمەتى هونەرى کوردى بکەم ، لەناو خێزانەکەم کچێک هەیەو دەنگى خۆشە ئەویش نارینە، من پشتیوانی و هاوکارى بووم ، خۆم بەبەختەوەر دەزانم کە نارین زۆر زیرەکە و سەرکەوتووە لەخوێندن و لەهونەرەکەیدا،خۆشحاڵم کە نارین هەردوو کارەکەى زۆر بەجوانى پێکەوە گرێداوە و ئەمڕۆ بۆتە هونەرمەندێکى بەتواناى نەتەوەکەى ، دەتوانم بڵێم وەکو هونەرمەندێکى گۆرانیبێژ لەمن  زیرەکتر و بەتواناترە لەبەرئەوەى شارەزاییەکى باشیی هەیە لەفۆلکلۆرى نەتەوەکەیدا) (5). 

نارین فەقێی دەنگبێژ و سترانچڕ ئەویش ئەو ڕاستییە دەدرکێنێ سەبارەت بەو پشتیوانى و  هاوکارییە مەزنەى باوکى بۆ زیاتر سەرکەوتنى لەبوارى هونەردا  و لەدەستپێکى هەرکارێکى هونەریی نوێ دەگەڕێتەوە بۆ ڕاو پێشنیازى باوکى و هاوسەرەکەى ( من هەمیشە سوپاسى باوکم دەکەم لەتەمەنى منداڵیمەوە هاوکارم بووە ، نەک وەک باوک مامەڵەم لەگەڵدا ناکات بەڵکوو نزیکترین هاوڕێی منە، دەربارەى کارى هونەریی بەردەوام ڕاوپێشنیازى باوکمم لەلا گرنگە و پرسیی پێدەکەم ، باوکم گەورەترین ئیلهام بەخشە بۆ من لە بواری مۆسیقادا، جگە لە مۆسیقای فۆلکلۆر و گۆرانی کوردی من لە بەردەم دەنگی ئەو گەورە بووم،  باوکم و دەنگە نایابەکەیشم خۆشدەوێت، کەسى دووەم هاوژینەکەمە( عەلى شاکر) ئەویش بۆخۆى موزیسیانە، هەمیشە هەوڵم داوە کارى باش پێشکەش بەهونەرى کوردى بکەم چونکە ئەوە ئاوات ئامانجمە) (6).

لەساڵى (2000) بەدەستپێکى هونەریی و تۆمارکردنى گۆرانى  بۆ خانمە هونەرمەند نارین فەقێ ئەژماردەکرێت، وەک هونەرمەندێکى دڵسۆز بۆ هونەرى ڕاستەقینەى نەتەوەکەى، خەمخۆر بۆ خاک  و زمان و فەرهەنگ و کەلتوور ، هەمیشە هەوڵیداوە لەڕێی کارە هونەرییەکانیەوە موزیکى کوردى پێش بخات و ئەرشیفى ڕەسەنى هونەرى نەتەوەکەى دەوڵەمەندتر بکات سەرەڕاى ژیانى غوربەت و دوورلەوڵات ، کارکردن و بەخێوکردن و پەروەردەکردنى منداڵ، چەندین بەرهەمى ناوازەى تۆمارکردووە  و بەپەرۆشەوە  لەگەڵ هاوڕێ و پشتیوانى هونەریی ( جوودى ) باوکى لەئاهەنگ و بۆنە نیشتمانى ونەتەوەییەکان و هەموو ئەو ڕووداو  و کارەساتە تراژیدیایانەى بەسەر گەلى کورد دا هاتووە بەشداریان کردووە ، هەندێک لە گۆرانییەکانى نارین فەقێ بەدەنگە خۆشەکەى خوێندوونى :

1/ ( ئەى فەلەک بۆ تە دەناڵم ( تێکستى : بەدرخان سندى)   لەگەڵ هونەرمەند جوودى باوکى خوێندوویەتى ) .
2/ ئاخ کوردستان 
3/ کول و کەسەر ( تێکست و میلۆدى : شەڤگەر میرزا) 
4/ هەرتەدگوت( تێکست : جوان قەدۆ ، میلۆدى : محەمەد ئادى).
5/ زمانێ دایێ ( زمانى دایک) ( تێکست: ئەدیب چەلکى، میلۆدى: میهاد عەلى ).
6/ پایزا خەونان ( تێکست : ئەدیب چەلکى ، میلۆدى : زاهید بریفکانى).
7/ دوورى ( تێکست : ئەدیب چەلکى ، میلۆدى :هارون ئەلکى).
8/ قامیشلۆکا دل
9/ هێڤى 
10/ ژن ژیانە.

 نارین فەقێى  یەکێک بوو لەو خانمە هونەرمەندانەى  بەوپەڕى خۆشەویستیەوە  بەشدارى لە  کۆڕاڵ و سەمفۆنیای پێشمەرگە و شنگال کردووە، لەگەڵ چەند هونەرمەندێکى دیکە وەک :
1/ ئەیوب عەلی
2/ محەمەد تەها ئاکرەیی
 3/ چۆپی فەتاح
 4/ رێکێش سەیرانی
 5/ گارە سازگار 
6/ دیار دێرسیم.

ئەم شاکارە مەزنەى مۆسیقاى کوردى لەساڵى (2015) لەگەڵ ئۆرکێستراى سەمفۆنى وڵاتى چیک تۆمارکرا ، تێکستى شاعیر( ئەدیب چەلکى) و میلۆدى مامۆستا و هونەرمەند ( دڵشاد محەمەد سەعید) بووە.

 شاکارى دووەم  سروودى  ( وڵات) بووە، لەساڵى (2024) لەگەڵ ئۆرکێستراى جیهانى پۆڵەندا تۆمارکراوە ، تێکستى (سەلاحەدین دەمیرتاش) و ئاوازى هونەرمەند( دیار دێرسیم) ، نارین فەقێ لەگەڵ ئەم هونەرمەندانە بەشدارى سروودى وڵاتى کردووە:
1/ ناسرى ڕەزازى 
2/ دیار دێرسیم
3/ هۆزان جۆمەرت
4/ شەهریباناکوردى 
5/ کازۆ 
6/ کیژان 
7/ دەنیز دەمان 
8/ ئەلەند 

 شایانى باسکردنە نارین فەقێی هونەرمەند لەماوەى ئەو چەند ساڵەى لە هەندەران دەژى،  چەند جارێک گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان و کۆنسێرتى لەشارەکانى باشوور گێڕاوە و بەشدارى بەرنامەى هونەرى لە کەناڵەکان دا  کردووە.

لەبارى کۆمەڵایەتیەوە نارین فەقێ ژیانى هاوبەشى لەگەڵ موزیسیان( عەلى شاکر) پێکهێناوە و خاوەنى  دوو کچە بەناوەکانى( ڕۆنیا و هێلین) ،  نارین لەنێوان هونەر و کارکردن لەیاسا و پەروەردەو فێرکردن و گەورە کردنى منداڵ وەک دایک  هاوسەنگیەکى دروست کردووە کە بەشێوەیەکى سەرکەوتوو لەگەڵ هەرسێکیاندا هاوتەریب بڕوات و پێش بکەوێت.

ئەم خاتوونە هونەرمەندە دەنگخۆشە سەنگینە ئێستاش لەسەرکارى هونەریی بەردەوامە و لەوڵاتى سوید دەژى، هیواى بەردەوامى و سەرکەوتنى زێدەترى بۆدەخوازم.

جەمال عومەر( جەمالى دەلاک) .

سەرچاوە:
(1و 2   و  4   و 5 و 6  )نارین فەقێ میوانى دیاسپۆرایە ، هەڤپەیڤین دیاسپۆراى ڕووداو ، 26/7/2022.
(3) سایتى (Kurdistan.Chronicle) (26/3/2025).
 

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.