بەبۆنەی ڕۆژی ژینگەی هەولێر بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی نایلۆن، پارێزگاری هەولێر پڕۆژی کیسی ژینگەدۆستی ڕاگەیاند و تێیدا 10 هەزار کیسەی پەڕۆ بەسەر نانەواخانە و سەموونخانەکاندا دابەش کرا.
ڕۆژی دووشەممە 23ـی شوبات، لەژێر چاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك تر لە بەرپرسانی کارگێڕی، حكومی و حزبی، بە بۆنەی ڕۆژی ژینگەی هەولێر، پڕۆژەی کیسی ژینگەدۆستی ڕاگەیەندرا.
پڕۆژەکە لەلایەن فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە هەماهەنگیی ڕێكخراوی "گرین یارد" و سەندیکای کرێکارانی کشتوکاڵ و خۆراكی لقی هەولێری كرێكاران جێبەجێ دەکرێت.
پڕۆژەکە لەژێر ناونیشانی "با هەموومان ژینگەپارێزبین و خۆمان لە مەترسییەكانی بەكارهێنانی نایلۆن بە دوور بگرین" بەڕێوەچوو، تێیدا 10 هەزار کیسی پەڕۆ بەسەر نانەواخانە و سەموونخانەکاندا دابەش کرا.
ساڵانە ڕۆژی 22ـی شوبات وەک ڕۆژی ژینگەی هەولێر دیاریکراوە و تێیدا چالاکیی جۆراوجۆر بۆ هۆشیاریی پاراستنی پاکوخاوێنی شارەکە ئەنجام دەدرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.