Erbil 31°C دووشەممە 06 تەمووز 16:01

ئەکسیۆس: دانوستانەکانی پێنجشەممە دوا هەلی تارانە پێش هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکا

کوردستان TV
100%

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، هەوڵەکانی ئێستا بۆ دانوستان، دوا دەرفەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، پێش ئەوەی واشینگتن دەست بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان بکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە تیمی دانوستانکاری ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەن ڕۆژی پێنجشەممە 26ـی شوباتی 2026، لە ژنێڤ گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان بەڕێوە ببەن، بەو مەرجەی تاران لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا پێشنیارێکی ورد و ڕوون ڕەوانەی واشینگتن بکات. ئیدارەی ترەمپ چاوەڕێی ڕەشنووسی پێشنیارەکانی ئێرانە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر دانیشتنەکە بدات.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە "ستیڤ ویتکۆف" و "جارێد کوشنەر" ئامۆژگاریی دۆناڵد ترەمپیان کردووە کە پێش دەرکردنی فەرمانی هێرشی سەربازی، دەرفەتێک بە دیپلۆماسی بدات. ئەگەر تاران پێشنیارەکەی بنێرێت، بڕیارە ویتکۆف و کوشنەر ڕۆژی پێنجشەممە بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان بچنە ژنێڤ.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە باسی لەوەش کردووە کە ئەگەری هەیە هەردوو لا پێش گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەنە، لەسەر "ڕێککەوتنێکی کاتی" (Interim Agreement) گفتوگۆ بکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.

ئەم هۆشدارییە توندەی واشینگتن لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە گەڕی سێیەمی گفتوگۆکان لە سویسرا بەڕێوەبچێت، بەڵام هەموو شتێک بەستراوەتەوە بەو پێشنیازەی کە بڕیارە تاران لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا پێشکەشی بکات.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.