ئیلۆن مەسك سەرمایەدار و دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان و هەروەها دامەزرێنەری كۆمپانیا (سپێس ئێكس) رایگەیاند، ئێستا كاتی ئەوەیە مرۆڤ جارێكی دیكە بنێرینەوە سەر مانگ، هەروەها لە نزیكترین كاتیشدا مرۆڤ بگاتە سەر گۆی مەریخ.
كەسێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس پۆستێكی كردبوو و نووسیبووی "ئەمڕۆ 66 ساڵ تێپەڕ دەبێت لەنێوان یەكەم گەشتی ئاسمانی لە ساڵی 1903 و دابەزینی مرۆڤ لەسەر رووی مانگ لە ساڵی 1969".
ماسك كۆمێنتی لەسەر پۆستەكە كردبوو و نووسیبووی "ئێستا كاتی گەڕانەوەی گەورەیە بۆ سەر مانگ".
رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریكی رۆژی هەینی رابردوو لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردبووەوە: كۆمپانیا (سپێس ئێكس) سەرمایەدارانی ئاگاداركردووەتەوە كە كاری یەكەمی داهاتوویان گەڕانەوەی مرۆڤ دەبێت بۆ سەر مانگ، دواتریش لە قۆناغی دووەمدا گەشتی سەر مەریخیش رێك دەخەن.
لە راپۆرتەكەدا هەروەها هاتبوو: بەگوێرەی ئەو پلانەی كۆمپانیاكە دایڕشتووە بۆ ساڵی داهاتوو گەشتێك بۆ سەر مانگ رێك دەخرێتەوە، بەڵام گەشتەكە بە گەڕۆكێكی تایبەت و بەبێ فڕۆكەوانی مرۆڤ ئەنجام دەدرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ئیلۆن مەسك پارساڵ لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاندبوو، ئامانجیان ئەوەیە لە ساڵی 2026 كەشتییەكی ئاسمانی بۆ سەر مەریخ بنێرن، ئەمەش وەك ئامادەكارییەك دەبێت بۆ ناردنی یەكەم تیمی مرۆڤ بۆ سەر رووی هەسارەكە لە مێژوودا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.