Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 17:26

زێڕی یەدەگی  چین رووی لە زیادبوونە

کوردستان TV
100%

بانکی ناوەندیی چین بۆ 15یەمین مانگی لەسەریەک بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ستراتیژی زیادکردنی یەدەگی زێڕ، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی دارایی وڵاتەکەی لەبەردەم گۆڕانکارییە ئابوورییەکانی جیهان.

بەپێی نوێترین داتاکانی بانکی ناوەندیی چین (PBOC) ئەمڕۆ بڵاوکراونەتەوە، گۆڕانکارییەکانی یەدەگی زێڕ بەم شێوەیەیە:

تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە 74.19 ملیۆن ئۆنسە (دەکاتە 2307 تۆن) و لە مانگی پێشوودا قەبارەی یەدەگەکە 74.15 ملیۆن ئۆنسە بوو.

بەهۆی ئەم زیادبوونەوە، بەهای یەدەگی زێڕی چین لە 319.45 ملیار دۆلارەوە بۆ 369.58 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.

لە مانگی ڕابردوودا، بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام، نرخی هەر ئۆنسەیەک ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد و گەیشتە نزیکەی 5,600 دۆلار.

بەڵام بازاڕەکان دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاندیدکردنی "کێڤن وارش" وەک سەرۆکی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، کاردانەوەی پێچەوانەیان هەبوو، نرخی زێڕ هەفتەی ڕابردوو بۆ 4,403  دۆلار دابەزی.

بەپێچەوانەی بانکی ناوەندی، هاووڵاتیانی چین کەمتر زێڕیان کڕیوە. کۆمەڵەی زێڕی چین ئاماژەی بەوە کردووە کە بەکارهێنانی زێڕ لە ناوخۆی وڵات بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک دابەزیوە. تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی 3.75% کەمی کردووە و گەیشتووەتە 950 تۆن.

شارەزایان پێیان وایە بەردەوامبوونی چین لە کڕینی زێڕ بۆ ماوەی 15 مانگ، ئاماژەیەکی روونە بۆ هەمەجۆرکردنی یەدەگی بیانی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دۆلاری ئەمریکی، بەتایبەت لە کاتێکدا کە گرژییە سیاسییەکان و ناجێگیریی ئابووری جیهانی گرتووەتەوە.

جیهان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.