بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی خۆی بۆ بارودۆخی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە هەرێم دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بارانبارین و بەفربارین.
ڕۆژی چوارشەممە، 28ـی کانوونی دووەم، بەڕێوبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ڕیگەیاند: شەپۆلێکی بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکات و پاشان پەرەدەستێنێت بۆ تەواوی ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان. هاوکات لەگەڵ بارانبارینەکە، ناوچە سنوورییەکان و لوتکەی ئەو چیا بەرزانەی زیاتر لە 1500 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزن، بەفربارینیان تێدا دەبێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە دوای نیوەڕۆوە کاریگەری شەپۆلەکە چڕتر دەبێتەوە بە جۆرێک لە سنووری ئیدارەی زاخۆ، پارێزگای دهۆک، سلێمانی، چەمچەماڵ، باکووری کەرکوک، ئیدارەی گەرمیان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکانی هەولێر، باران بە شێوەی لێزمە بارانی کورتخایەن دەبێت و هەورە تریشقەشی لەگەڵدا دەبێت هەروەها پلەی گەرما بە 2 بۆ 3 پلە دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت.
بۆ سبەی پێنجشەممە، 29ـی کانوونی دووەم، کەشناسی پێشبینی دەکات کاریگەری شەپۆلەکە تا کاتەکانی بەیانی زوو بە شێوەی نمەبارانی پچڕپچڕ بەردەوام بێت. لە کاتەکانی نیوەڕۆدا ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، بەڵام لە ناوچە سنوورییەکان و لوتکەی چیاکان ئەگەری بەردەوامی باران و بەفر تا دوای نیوەڕۆ دەمێنێتەوە هەروەها پلەی گەرما زیاتر دادەبەزن و بەرزترین پلەی گەرما 1 بۆ 2 پلەی تر نزم دەبێتەوە.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی بە پلەی سیلیزی:
| شار و ناوچە جیاجیاکان | چوارشەممە | پێنجشەممە |
| هەولێر | 14 | 11 |
| سلێمانی | 12 | 8 |
| دهۆک | 11 | 10 |
| هەڵەبجە | 12 | 9 |
| زاخۆ | 12 | 11 |
| چەمچەماڵ | 13 | 9 |
| ئاکرێ | 12 | 11 |
| پیرمام | 10 | 8 |
| سۆران | 7 | 5 |
| حاجی ئۆمەران | 3 | 1 |
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.