سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی زنجیرە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی ئامانجداردا بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵڵا لە لوبنان، یەکێک لە فەرماندە باڵاکان و ئەندامێکی کاریگەری ئەو گرووپەی کوشتووە و باڵەخانەیەکی سەربازیی ناوەندەکەشیانی وێران کردووە.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی سوپای ئیسرائیل کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاو کراوەتەوە، لە هێرشەکانی ڕۆژی یەکشەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2026، بۆ سەر ناوچەی "بازووریە" لە باشووری لوبنان، "محەمەد حوسەینی" بەرپرسی یەکەی تۆپخانەی حزبوڵڵا کوژراوە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت: "حوسەینی ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبووە لە داڕشتنی هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل و لە مانگەکانی ڕابردوودا سەرقاڵی دووبارە ڕێکخستنەوەی توانای تۆپخانەیی ئەو گرووپە بووە لە باشووری لوبنان." لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ناوبراو لە تەنیشت کارە سەربازییەکانی، وەک مامۆستا لە قوتابخانەیەکی ناوخۆیی کاری کردووە.
لە هێرشێکی دیکەی جیاوازدا بۆ سەر ناوچەی "بیر ئەلسەنسال" لە باشووری لوبنان، "جەواد بەسما" ئەندامی حزبوڵڵا کە بەرپرس بووە لە ناوەندێکی بەرهەمهێنانی چەک و کەرەستەی سەربازی، کراوەتە ئامانج و کوژراوە. هاوکات سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە باڵەخانەیەک و چەندین ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵایان لە ناوچەی "بوقاع" بۆردومان کردووە.
ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە کە چالاکییەکانی حزبوڵڵا لەم ناوچانەدا بە "پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئاگربەست" دادەنرێت و ڕایگەیاندووە بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ لەناوبردنی هەر هەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەیان.
بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی فرانس پرێس کە لە وەزارەتی تەندروستی لوبنانەوە وەریگرتووە، لە کاتی دەسپێکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە ساڵی 2024دا، تا ئێستا نزیکەی 340 کەس لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا لە لوبنان کوژراون.
ڕێککەوتنی ئاگربەست جەخت لەسەر وەستاندنی شەڕ، کشانەوەی حزبوڵڵا بۆ باکووری ڕووباری لیتانی، داماڵینی چەکی ئەو گرووپە و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو شوێنانەی پێشڕەوییان تێدا کردبوو، دەکاتەوە. بەڵام سەرەڕای ئەم ڕێککەوتنە، پێکدادانەکان بە شێوەی جیاجیا بەردەوامن.
لە بەرامبەردا، حزبوڵڵای لوبنان بەردەوامی هێرشەکانی بە موشەک و درۆن وەک "هاوکێشەی بەرپەرچدانەوە" ناوزەند دەکات و بە توندی دژی پرسی داماڵینی چەکەکەی وەستاوەتەوە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە شەقامی لوبنانی و لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە لە دڵەڕاوکێیەکی گەورەدان؛ ئەوان نیگەرانن لەوەی بەردەوامی ئەم ململانێیانە، وڵاتەکەیان ڕووبەڕووی جەنگێکی سەرتاسەری و ماڵوێرانکەر بکاتەوە کە تێچووەکەی لە توانای لوبناندا نەبێت. بەم هۆیەوە پرسی ڕۆڵی سەربازیی حزبوڵڵا بووەتە گەرمترین بابەتی مشتومڕە سیاسییەکانی ناوخۆی لوبنان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.