لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و جێگری سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، دۆخی ناوچەکە و سووریا تاوتوێ کرا و ڕۆما ستایشی ڕۆڵی حەکیمانەی سەرۆک بارزانیی کرد لە ڕێگریکردن لە نەهامەتی بۆ گەلی کورد لە سووریا.
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا، ڕۆژی چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2026، لە ڕۆما سەرۆک مەسعود بارزانی و ئەنتۆنیۆ تایانی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆبوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەکانی ناوچەکە و سووریا بەگشتی و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش تاوتوێ کران، جەختیش لە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆی ئاشتییانە و دوور لە توندوتیژی، شەڕ و پێکدادان کرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ستایشی ڕۆڵی حەکیمانەی سەرۆک بارزانیی کرد لە پاراستنی پێکەوەژیان و سەقامگیری لە عێراق و کوردستان، هەروەها پێزانینی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی هەبوو بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا، بۆ ئەوەی گەلی کورد لە سووریا تووشی نەهامەتی نەبێت.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوون، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیدان و زیاتر بەرەوپێشخستنی ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەکاندا.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ حکوومەتی هەرێم و گەلی کوردستان دووپات کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.