Erbil 31°C پێنجشەممە 23 تەمووز 01:46

مەزڵووم عەبدی پەیامێك لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی حەلەب بڵاو دەكاتەوە

کوردستان TV
100%

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) پەیامێك لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی چەند رۆژی رابردووی شاری حەلەب بڵاو كردەوە و رایگەیاند "ئەوەی ئێستا لە شارەكە روو دەدات زەمینە دەخولقێنێت بۆ گۆڕانكاری دیموگرافی مەترسیدار".

مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە پەیامەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاوكردۆتەوە و رایگەیاندووە "درێژەدان بە شەڕ و زمانی جەنگ بۆ سەپاندنی چارەسەری تاكلایەنە جێگەی قبووڵكردن نییە، پێشتریش ئەم شێوازە بووەتە هۆكاری كۆمەڵكوژی و تاوانی جەنگ لە كەناراوەكانی سووریا و سوەیدا".

هەروەها رایدەگەیەنێت "بڵاوكردنەوەی تانك و تۆپخانە لە گەڕەكەكانی حەلەب و تۆپبارانی خەڵكی سڤیل و ئاوارەكردنیان، هەروەها هەوڵدان بۆ هێرشكردنە سەر گەڕەكە كوردییەكان لە كاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دانوستاندا، دەرفەتی گەیشتن بە لێكتێگەیشتن لەناو دەبات".

مەزڵووم عەبدی ئاماژە بەوەش دەكات "ئەم هێرشانە زەمینە بۆ گۆڕانكاری مەترسیداری دیموگرافی دەخوڵقێنێت، هاوكات ئەو خەڵكە سڤیلەی لەنێو هەردوو گەڕەكەكە گیریان خواردووە ڕووبەڕووی مەترسی كۆمەڵكوژی دەبنەوە".

فەرماندەی گشتی هەسەدە لە كۆتایی پەیامەكەیدا رایگەیاندووە "لەگەڵ ئەوەی چەند رۆژێكە لەگەڵ گەلەكەمان لە هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب وەستاوین، لە هەمانكاتیشدا لەگەڵ هەموو لایەنەكان كار دەكەین بۆ راگرتنی هێرشەكان".

بەگوێرەی دوایین ئەو ئامارانەی لە هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بڵاوكراونەتەوە، لە ئەنجامی هێرش و تۆپبارانەكانی چەند رۆژی رابردووی گرووپەكانی سەر بە حكوومەتی سووریا، 9 هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 55 كەسی دیكەش بریندار بوون.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.