Erbil 31°C شەممە 13 حوزەیران 23:22

ئیسرائیل و سووریا بە چاودێریی ئەمریکا ڕێک کەوتن

کوردستان TV
100%

لە وەرچەرخانێکی دیپلۆماسی چاوەڕواننەکراودا، حکومەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و سووریا، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای تەلئەڤیڤ و دیمەشق لە شاری پاریس بڵاوکردەوە.

هەر سێ حکوومەتی ئەمریکا، ئیسرائیل و سووریا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند: کۆبوونەوەکە کە لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بەڕێوەچوو، تێیدا جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە سەروەریی سووریا و دابینکردنی ئاسایشی ئیسرائیل کرایەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە سەرکردایەتیی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێگەی خۆش کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەم گفتوگۆ بەرهەمدارانە بە مەبەستی بەدیهێنانی سەقامگیری بۆ هەردوو وڵات.

بە پێی ڕاگەیاندراوەکە هەردوو دەوڵەتی ئیسرائیل و سووریا ڕێک کەوتوون لەسەر دامەزراندنی میکانیزمێکی هاوبەشی هەماهەنگی کە وەک "خانەیەکی پەیوەندیی تایبەت" کار دەکات. ئەم خانەیە ئەرکی ئاسانکاری دەکات بۆ هەماهەنگیی خێرا و بەردەوام لە چەند بوارێکی سەرەکی، لەوانە:

1.            گۆڕینەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکان.

2.            هێورکردنەوەی گرژییە سەربازییەکان.

3.            پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان.

4.            پەرەپێدانی دەرفەتە بازرگانییەکان لە ژێر چاودێریی ئەمریکادا.

ئەم میکانیزمە نوێیە وەک سەکۆیەک دەبێت بۆ چارەسەرکردنی خێرای هەر ناکۆکییەک و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێکی هەڵە لە نێوان هەردوو لایەندا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ستایشی ئەم هەنگاوە ئەرێنییانەی کردووە و پابەندبوونی خۆی دووپات کردووەتەوە بۆ پشتگیریکردن لە جێبەجێکردنی ئەم لێکتێگەیشتنانە. واشنتۆن ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە هەوڵە فراوانەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینێت.

لە کۆتایی بەیاننامە هاوبەشەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم کۆبوونەوەیە دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سووریا، کە ئامانج لێی بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر و گەشاوەترە بۆ نەوەکانی داهاتوو لە ناوچەکەدا.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.