Erbil 31°C شەممە 13 حوزەیران 00:18

شەوی ڕابردوو 70 سانتیمەتر بەفر لە حاجی ئۆمەران باریوە

کوردستان TV
100%

بەرپرسی تیمەکانی بەفرڕاماڵین لە ڕێگەوبانی سۆران ڕایگەیاند، دوای شەپۆلێکی چڕی بەفربارین، کۆی گشتیی بەفربارینی ئەمساڵ لە حاجی ئۆمەران گەیشتووەتە 3 مەتر، لە ئێستادا توانراوە ڕێگەی سەرەکیی دەروازەکە بە ڕووی هاتوچۆدا بکرێتەوە.

سەردار مەلا برایم، بەرپرسی تیمی بەفرڕاماڵینی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی سۆران بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: شەوی ڕابردوو شەپۆلێکی دیکەی چڕی بەفربارین سنووری حاجی ئۆمەرانی گرتەوە و زیاتر لە 70 سانتیمەتر بەفر باریوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، لە بەرەبەیانییەوە تیمەکانیان بە بەکارهێنانی ئامێرەکان دەستیان بە ڕاماڵینی بەفر لەسەر ڕێگە گشتییەکان کردووە، خۆشبەختانە توانراوە لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانییەوە ڕێگەکان بکرێنەوە و ئاستەنگییەکانی هاتوچۆ لاببرێن، لە ئێستاشدا هاتوچۆ لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ئاساییە.

بەپێی ئاماری تیمەکانی بەفرڕاماڵینی دەڤەرەکە، کۆی گشتیی بەفربارینی ئەمساڵ لە حاجی ئۆمەران گەیشتووەتە 3 مەتر، هەروەها تا ئێستا تیمەکان بڕی 155 تۆن خوێیان بۆ ڕێگری لە دروستبوونی بەستەڵەک لەسەر ڕێگەکان پرژاندووە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.