دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ یەكەمجار هۆكاری دەركەوتنی پەڵە زەردەكانی سەر دەستی ئاشكرا كرد.
ترەمپ /79 ساڵ/ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (ووڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریكی كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوكراوەتەوە، گوتی: دەركەوتنی پەڵەكانی سەر دەستم بەهۆی زۆری خواردنی حەبی ئەسپرینەوەیە.
گوتیشی: رۆژانە زیاتر لەو رێژەیەی حەبی ئەسپرین دەخۆم كە دكتۆر بۆی دیاری كردووم تا خوێنم شل ببێتەوە، چونكە نامەوێت ئەو خوێنەی بۆ دڵم دەچێت توند بێت.
ترەمپ هەروەها گوتی: جارێكیش لە كاتی تەوقەكردن لەگەڵ بام بۆندی وەزیری داد، دەستم بەر گوستیلەكەی كەوت و بریندار بوو.
لەبارەی تەندروستیشییەوە، سەرۆكی ئەمریكا گوتی: دوو مانگ بەر لە ئێستا پشكنینێكی وردی ستی سكانم بۆ ئەنجامدراوە، ئەنجامەكەشی وەك پزیشكەكان پێیان گوتووم لەوپەڕی باشیدا بووە و هیچ كێشەیەكی تەندروستیم نەبووە.
سەبارەت بەو وێنەیەی كە وا دەردەكەوێت لە یەكێك لە كۆبوونەوەكاندا خەوی لێ كەوتووە، ترەمپ گوتی: هەرگیز كەسێك نەبوومە كە رۆژێك لە رۆژان عەشقی خەو بووبم.
ئاماژەی بەوەش دا كە ئەوەی لە وێنەكەدا دەركەوتووە خەو نەبووە، بەڵكو تەنیا ساتێك بووە بۆ پشوو و ئیسراحەت، چونكە هەندێك كات چاوداخستن ئاسوودەی دەكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.